نوریە ئارسلان و هۆشیار سەریڵدز هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیزی مێرسین، دوای دەستبەکاربوونیان وەک یەکەم خزمەت، هاتنە ناو بینای شارەوانییەوە و دەرگای سەرۆکایەتیی شارەوانییان لێکردەوە، بۆ پێشوازی کردنی بەردەوام لە خەڵک.
هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسینی دەم پارتی، نوریە ئارسلان و هۆشیار سەریڵدز دوای سەرکەوتنیان و دەستبەکاربوونیان، لەگەڵ سەدان کەس چوونە ناو بینای شارەوانی و لەلایەن فەرمانبەرانی شارەوانییەوە بە گوڵ پێشوازییان لێکرا.
وەک یەکەم ئەرک، هاوسەرۆکانی شارەوانی دەرگای سەرۆکایەتی شارەوانییان لێکردەوە بۆ خزمەتکردن و پێشوازی کردن لە هاوڵاتییان.
نوریە ئارسلان هاوسەرۆکی شارەوانی ڕایگەیاند، خەڵکی ناوچەی ئاکدەنیز وڵامی سەرۆکی پێشووی شارەوانییان دایەوە، ئاکدەنیز دەبێتە ناوەندی فرە کەلتووریی و فرە زمانیی، ئەم کارە پێکەوە لەگەڵ گەلەکەمان دەکەین، ئێمە بە هەڵوێستێکی تاکڕەوانە ئەرکەکان بەڕێوە نابەین.