سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
  2024-04-28       741       
سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق داوا له‌هێزە سیاسییەکان ده‌كات  ملکەچ نه‌بن‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ناچار بكه‌ن به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا بكات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان وا لەپارتی بکەن کە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، نەک ملکەچی ئیرادەی پارتی ببن.

له‌ئێستادا هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندایه‌، پارتی‌ به‌ته‌نها له‌لایه‌ك وه‌ستاوه‌و ڕێگریی له‌ئه‌نجامدانی‌ ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رجه‌م حیزبه‌كانی‌ تر له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانیدان، به‌ڵام په‌رشوبڵاوو بێهه‌ڵوێستن‌و وه‌ك ته‌ماشاكار چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری‌ پارتی‌ ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌چونی‌ هه‌ڵبژاردن.

سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان وەک نەوەی نوێ، ئەگەر وەک تاکە لایەن لەدژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بمێننەوە، لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام دەبن و جگە لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، ملکەچی ئیرادەی هیچ لایەنێک نابن.

ئەوەشی خستووەتەرو، "ئێمە وەک نەوەی نوێ بەدیلی سیاسین لەهەرێم، بۆیە ناکرێت بەدیلی سیاسی بیت و وابەستەی ئیرادەی لایەنەکانی دیکە بیت".

به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی‌ 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌، به‌ڵام هێشتا ڕون نییه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌، ئه‌نجامده‌درێت یاخود بۆ جاری‌ چواره‌م دواده‌خرێته‌وه‌.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا سێ وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە (1ی‌ 10ی‌ 2022، 18ی‌ 12ی‌ 2023، 25ی‌ 2ی‌ 2024)، بەڵام لەهیچ کام لەو وادانەدا به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ هەڵبژاردن ئەنجامنەدراوه‌. 

ئه‌مڕۆش نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەکۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا لەبەغداد رایگەیاند، لیژنەیەک کار لەسەر پرسی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان دەکات، بیستویانە لەسەرۆکایەتیی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنی‌ هەڵبژاردن بۆ دوای‌ مانگی‌ 10ی‌ ئەمساڵ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×