ئاژانسی هەواڵی فەڕمی توركیا: ئێران دژی فراوانكردنی غازی سروشتی لە هەرێمە
  2024-05-03       150       

پسپۆڕێكیی یاسا نێودەوڵەتییەكان باس لە هۆكارەكانی هێرشەكەی كۆرمۆر دەكات، نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، هەروەها هەناردەكردنەوەی نەوت بە هۆكاری هێرشەكە دەزانێت و بە دووریشی نازانێت ئێران لە پشت هێرشەكەوە بێت.

ئاژانسی ئانادۆڵوی فەڕمی توركیا لە زاری پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەكان، دكتۆر كرمانج یونس عوسمانەوە بڵاویكردەوە، تاكە دراوسێی عێراق تەنیا ئێرانە كە غازی سرووشتی دەفرۆشێتە عێراق و ساڵانە پارەیەكی زۆری بۆ دابیندەكرێت لە میزانییەی عێراق بۆ بەردەوامبوونی كارەبا، بۆیە فراوانكردنی غازی سرووشتی لە ھەرێمی كوردستان، ئێران ئەم كارە بە مەترسی بۆسەرخۆی ھەژمار دەكات.

پسپۆڕی یاسا نێودەوڵەتییەكان، دكتۆر كرمانج یونس عوسمان لەبارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، وتی: "ھێرشەكەی سەر كۆرمۆر چەند ھۆكارێكی ھەیە، لەوانەش ئەو نزیكبوونەوەیەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەتایبەت دوای سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمریكا، هەروەها هۆكارێكی دیكە هەموو ئەو هەوڵانەیە كە دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەكرێت، كەواتا مەترسییەك هەیە كە ئەو لێكنزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر بەرژەوەندی هەندێك لە لایەنەكان، لەناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوروبەر و هەرێمیش".

دكتۆر كرمانج یونس عوسمان وتیشی: "لە لایەكی دیكەوە هەروەكچۆن هەرێم توانی سەركەوتووبێت لە دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، بە هەمانشێوە ئەو لایەنانە ترسیان لەسەر ئەوە هەیە كە هەرێم بتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت لە هەناردەكردنی غازی سرووشتی بەتایبەتی چەندین كۆمپانیای نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە، چونكە هەرێم ناوچەیەكی ئارامە لە ڕووی ئاسایشەوە، ئەمەش ترسی لەلای ئەو وڵاتانە دروست كردووە بەوەی ڕەنگە ئەم پڕۆسەیە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئەم پیشەسازییە، لەوەش دەترسن كە عێراق لە ماوەی داهاتوودا پشت بە هەرێم ببەستێت بەتایبەتی لە دابینكردنی كارەبا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×