ڤیدیۆ..لە ئەنبار روبەڕوبونەوە لەنێوان دو هێزی ئەمنی عێراقیدا رویداو وەزیری ناوخۆ هاتە سەر خەت
  2024-12-13       1678       

بەهۆی سەرپێچیكردنی هێزێكیان لە جێبەجێكردنی بڕیارێكی سەربازی، ئەمڕۆ هەینی، روبەڕوبونەوە لەنێوان دو هێزی ئەمنی عێراقیدا لە ئەنبار رویداو وەزیری ناوخۆی عێراقیش فەرمانی دا ئەوانەی سەرپێچییان كردوە روبەڕوی دادگای تایبەتمەند بكرێنەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، روبەڕوبونەوە لەنێوان دو هێزی ئەمنیدا لە فەوجی شەشی لیوای ئەركە تایبەتەكانی سەر بە پۆلیسی فیدراڵی لە قەزای كەرەمە لە بەغدا رویدا. ڤیدیۆی ساتی روبەڕوبونەوەكە لێرەوە ببینە.

روبەڕوبونەوەكە پاش ئەوە بوە كە هێزێكی بارەگای لیواكە چونەتە بارەگای ئەو فەجە بەمەبەستی بردنی ژمارەیەك لە سەربازانی فەوجەكە بۆ بەشداری پێكردنیان لە خولێكی ئەركە تایبەتەكان، بەڵام ئەو سەربازانە رەتیان كردۆتەوە كە بەشداری لە خولەكەدا بكەن و بەوهۆیەوە روبەڕوبونەوە لەنێوانیاندا رویداوەو تەقە كراوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە بە گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان و پێكهێنانی ئەنجومەنێكی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو سەربازانەی فەوجی شەشی لیوای ئەركە تایبەتەكان كە بونەتە مایەی پشێوی و روبەڕوبونەوەكە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، وەزیری ناوخۆ بڕیاریشیداوە كە ئەو سەربازانە روبەڕوی دادگای تایبەتمەند بكرێنەوە تاوەكو سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن لەسەر ئەوەی كە سەرپێچی رێنماییە بەركارەكانیان كردوە.

هەروەها وەزیری ناوخۆ، فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی راسپاردوە كە سەردانی مەیدانی شوێنی روداوەكە بكات بۆ زانینی هۆكارەكانی.

وەزارەتی ناوخۆ جەختیشی كردۆتەوە كە رێگە نادەن پێشێل یاخود سەرپێچی هیچ بڕیارێكی دەرچوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتەكەیان بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×