ئا: مەزهەر کەریم
هەموو سەرنجەکان لەسەر چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە، یەکێک لەپرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئەم پرۆسەو بڕیارە مێژووییە رەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانو هێزە سیاسیەکانی چی دەبێت؟ بەشێک لەچاودێرانی سیاسی بە"هیواو گەشبینییەوە" لەو پڕۆسەیە دەڕواننو بەشێکیشیان "بەگومانن".
"بڕیارەکەی پەکەکە لەبەرژەوەندی هەرێمە"
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، کەسایەتی نزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستانو عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆکی ئەو پارتە، پێیوایە بریارەکەی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریی، بەباشی بۆ رەوشی ھەرێمی کوردستانو حزبەکانی کوردستان دەشکێتەوە، لەبەرئەوەی ھەر کاتێک دەوڵەتی تورک ھیرشی کردبێت بۆ گەریلاکانی پەکەکە ناوچەکی هەرێمی کوردستانی کردووە بەئاگرو بەتایبەت دەڤەری بادینانو خەڵکی سڤیل بوون بەقوربانی، ئەو وتی "تا ئێستا گوندەکانمان سووتاون، ئاشتی بچەسپێت ئەوە نامێنێت، ئەمەش شتێکی زۆر باشە بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسیشەوە ئیتر ئەو فشارە زۆرەو ئەو بیانویەی دەوڵەتی تورکیا ھەیەتی نامێنێت لەسەر باشوور تا بیانو بدەینە دەست تورکیا بۆ ھێرش کردن".
لەبارەی ئەوەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە بگەنە رێکەوتن ھێزەکانی لەناوچە سنوریەکانی ھەرێم دەکشێنێتەوە یان نا، پێنجوێنی وتی "دەبێت ئەو راستییەیە بزانرێت کە تورکیا بۆ شەڕی پەکەکە نەھاتۆتە ناو خاکی کوردستان، بەڵکو ئەوە بیانووە تورکیا بۆ داگیرکرنی بەشێکی زۆری باشووری کوردستان ھاتووە تا بیلکێنێت بەتورکیاوە لەھەر کاتێکدا بۆیان بگونجێت، تورکیا بەپێی میساقی میللی، باشووری کوردستان تا دەگاتە کەرکوک بەدەوڵەتی عوسمانی دەزانن، ئەمەش نەخشەو سیاسەتی تورکیایە، بەڵام کە شەری پەکەکە نەمێنێت ئەوکات دەوڵەتی عێراقو ھەرێم گەر بتواننو بوێرن لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانو لەدادگای لاھایی سکاڵا تۆمار بکەن کە تورکیا وڵاتی داگیر کردووەو دەبێت بروات، بەڵام بڕوایی من عێراقو ھەرێم ناوێرن ئەوە بکەن".
وتیشی "ئەوەی من بزانم لەیەکەم رۆژەوە ئەمریکا لەسەرخەتە، لەژێر سایەی دەزگایی ھەواڵگرییو ئەمنیی ئەمریکا کۆنگرەی ق٢ی پەکەکە بەڕێوەچووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەش بڵێم نەخشەی کوردستانی گەورەو گۆڕینی سنوری دەوڵەتەکانی ناوچەکە پڕۆژەیەکی گەورەی ئیسرائیلەو ئەمریکایە، ئەوە سوریاو عێراق گۆرانی بەسەردا ھاتووە، تورکیاو ئێران ماوە کە کوردیان بەفاکتەرێک داناوە بۆ دیزاین کردنەوەی نەخشەی ناوچەکە".
"ھیچ زانیارییەک نییە پەکەکە ھیچ شوێنێکی خۆی چۆڵ کردبێت"
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی ئەو ناوچانەی پەکەکەی تێدایە لەباشووری کوردستان چیان بەسەردێتو ئایا رادەستی هێزی پێشمەرگە دەکرێت یان نا، ئەو بەئاوێنەی وت "پەکەکە زۆربەی بارەگاکانی لەسەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانو عێراق، تورکیاو ئێرانە، ناوچە سنووریەکانیش بەپێی دەستووری عێراق ئەرکی پاراستنی ناوچە سنووریەکان لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە دەبێت، پۆلیسی پاسەوانی سنوور لەئێستادا لەھەرێم فەرماندەی یەکی پۆلیسی پاسەوانی سنوری ھەیە، کە سەر بەفەرماندەی گشتی پۆلیسی پاسەوانی سنوری عێراقو وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، چوار لیوان لەھەرێمی کوردستان کە زۆربەیان کوردن فەرماندەیەکەشیان کوردە، ئەو چوار لیوایە بەسەر سلێمانیو ھەولێرو ھەڵەبجەو دھۆکدا دابەش بوون".
وتیشی "ئەم لیوایانە ھەندێکیان نەچونەتە سەر ھێڵی سفری واتا سەر میلی سنوور بەھۆی ھەبوونی گەریلاکانی پەکەکەو ھەم بەھۆی بوونی ھێزی تورکیاوە، بێگومان ئەگەر ئەم پرۆسەی ئاشتییە سەریگرت عێراق بەرنامەی ھەیە بۆ کۆنترۆلکرنی سەرتاسەری سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان، کە بڕیاریاندا لەسووریاو عێراقەوە دەستپێبکەن، ئەوە سنوری سوریایان تەلبەند کردو کامێرای چاودێریان داناوە، بەشێک لەسنووری عێراق ئێرانیان تەواو کردووە، کە دەکەوێتە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی لای خانەقین تاکو دەگاتە ناوچەکانی نزیک پێنجوێن، بەڵام بەھۆی ئەو ناوچانەی پژاک و پەکەکەی لێیە ھێشتا تەواو نەکراوە".
لەبارەی ئەوەی ئەو ناوچانەی تورکیا لە ناو خاکی کوردستان داگیری کردووە چی بەسەردێت، یاوەر وتی "ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا جێبەجێ بکرێت، ئەوکات ھیچ بیانویەک بۆ دەوڵەتی تورکیا نامێنێت، کە ئێستا بەقوڵایی ٤٠ کیلۆ مەتر ھاتونەتە ناو قوڵایی ھەرێمو زیاتر لەھەشتا بنکەو سەربازگەیان ھەیە، پەکەکەش ٨٠٠ کیلۆمەتری لەسنووری هەرێمو ئێران، هەرێمو تورکیا بەدەستەوەیە".
وتیشی "ھیچ زانیارییەک لەئارادا نییە کە پەکەکە ھیچ بنکەو شوێنێکی خۆی چۆڵ کردبێت بەدرێژایی ئەو سنورە".
"تورکیا ھەمیشە چاوی بڕیوەتە خاکی ھەرێمی کوردستان"
نیاز سەعید چاودێری سیاسی لەبارەی پرۆسەی ئاشتیو چەکدانانی پەکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە وردەکاری رێککەوتنەکە لەلایەن تورکیاوە رانەگەیەنراوە، لەبەرئەوە نازانرێت لایەنی تورکی ھەنگاوەکانی چی دەبێت، ئەو وتی "ئەوەی کە دیارە لایەنی کوردی دەستپێشخەریی کردووە، هەنگاونەنانی تورکیا بۆ ئاشتی جێگەی گومانەو رەشبینی لەلای بەشێک لەخەڵک دروستکردووە، تورکیا بەئاشکرا راینەگەیاندووە لەبەرامبەر پرسی ئاشتی چی دەکات؟ ھەر بەگشتی قسە دەکات، بەتایبەت لێپرسراوە باڵاکانی تورکیا وەک سەرۆک کۆماری تورکیاو وتەبێژی حکومەت ھێشتا سوورن لەسەر بەکارھێنانی چەمکی تیرۆر، ئەم زمانە زبرە چیمان پێدەڵێت؟! دەبوو وەک نیازپاکیەک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا وشەی تیرۆریان بەکارنەھێنایە".
وتیشی "سەبارەت بەهەرێمی کوردستانیش، ترسی ئەوە ھەیە سوپای تورکیا سوپاکەی نەکشێنێتەوە، وەک ئەوەی لەقوبرسو لیبیاو رۆژئاوای کوردستان کردویەتی لەرابردوودا، تورکیا ھەمیشە چاوی بڕیوەتە خاکی ھەرێمی کوردستان، کە بەبڕوای من لەدوای چەکدانانی پەکەکە ئەم مەترسییە زیاتر دەبێت، کە ھێزی زیاتر بھێنێتە باشووری کوردستانو قەندیلو ئەو ناوچە ستراتیژیو ناوچە سنورییانەی ئێستا بەدەست پەکەکەوەن بگرێت، بۆیە پێویستە لەئێستاوە لەبارەی شوێنی پەکەکەو چۆڵکردنی ئەو ناوچانە، بەتایبەت قەندیل، حکومەتی عێراقو ھەرێم لەگەڵ پەکەکە ھەماهەنگیان ھەبێت لەوبارەیەوە".
"کورد دەبێت زۆر ژیرانە مامەڵە بکات"
سەردار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقو چاودێری سیاسی لەبارەی چەکدانانی پەکەکە، بەئاوێنەی وت "گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکەو دونیا، کاریگەری لەسەر کوردیش دەبێت، ئەمەش کورد لەیەککاتدا دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەو دەرفەتی گەورەوە، بۆئەوەی دەرەقەتی مەترسیە گەورەکان بێینو بتوانین خۆمانی لێ بپارێزین دەبێت پێکەوە لەدوای پرۆسەی ئاشتیو دوای ئەم قۆناغە کورد تەبا بێت".
سەبارەت بەوەش کە ئایا تورکیا باوەڕی بەڕاستی بەپرۆسەی ئاشتییە یان نا، ئەو وتی "کورد چوەتە ناو دانوستاندنەوە، دانوستاندنیش جەنگە، ئەو وەختەی رێککەوتنەکانیش توانای ھەڵگەڕانەوەیان ھەبێت تورکیا لێناوەستنو پەشیمان دەبنەوە، بۆیە بابەتەکە ئەوەیە کە ئەم ھەوڵە تا رادەیەک جدییە، چونکە ئەردۆغان بۆخۆی پێویستی بەگۆڕینی دەستورە، بۆیە دەرفەتی کوردە بۆ ئەوەی کە بتوانێت داواکاریەکانی خۆی لەدەستووردا جێگە بکاتەوە".
ئەم چاودێرە پێیوایە کورد دەبێت زۆر ژیرانە مامەڵە بکات، لەپێشتردا ئەم دەرفەتە ھاتبووە پێشەوە، کورد نەیتوانی زیرەکانە مامەڵە بکات، وەک ئەوەی کورد ھاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی ئۆپۆزسیۆن کرد لەتورکیا، ئەو وتی "ئەمە لەنوکتە دەچێت، تۆ پرسێکی نەتەوەیت ھەبێت، بەڵام لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بیتو دژی دەوڵەت بیت، ئەمە ھەڵەیە. بەڵام ئەمەش ناکاتە ئەوەی ئەردۆغان ھەرچیەکی وت بەگوێی بکەیت، ئەویش پێویستی بەکوردە، سیاسەتیش بەو شێوەیەیە، تۆ پێویستت بەمنە، چیم دەدەیتێ؟ لەبەرامبەری ئەوەدا کە چیم دەدەیتێ مامەڵەت لەگەڵ دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا خواستی ناوچەیی گەورەی ھەیە، کورد لەو نێوەندەدا بوەتە رێگر لەبەردەمیدا".
وتیشی "زۆربەی سیاسەتمەدارو نوسەرانی تورکەکان دژی ئەم پرۆسەیەنو پیانوایە ھەڵگەڕانەوەیە لەلۆزانو گەڕانەوەیە بۆ پەیماننامەی سیڤەر، ئەوان وەک تورک بەپێی بەرژوەندیی خۆیان لەپرۆسەکە دەڕوانن، کوردیش وەک یاریزانێک دەبێت گەمە بکاو گەمەکە لەبەرژەوەندی خۆت بباتەوە، کە پێشبینی ئەوە دەکرێت مادەی ٤٢ی دەستور لەتورکیا ھەموار بکرێتەوەو دەرفەت بەخوێندن بەزمانی کوردی بدرێت، ھەروەھا ئەگەری ھەیە ماددەی ٦٦ ھەموار بکرێت، کە جگە لەتورک ھیچ دانیشتوانێکی دیکە لەتورکیا بوونی نیە، بەڵام ئەم ھەموارانە ھێشتا کەمن بۆ کوردو دەبێت لەوە زیاتر بخاتەڕوو".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات