سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار زانیاریی نوێی لەبارەی توندبوونەوەی هەڵوێستەکانی واشنتن بەرامبەر بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئاشکرا کرد. بەپێی زانیارییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی ناڕەزایەتیی توندی ئاراستەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کردووە و تێیدا ڕەخنەی قورسی لە ئەدای حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی گرتووە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی سیاسی، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (الحدث) ڕایگەیاند: "حکومەتی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا بە زمانێکی زۆر توند هێرشی کردووەتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتی ئێستای بەغداد. ئەمریکا حکومەتەکەی سودانی بە (بێتوانا) وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی بەغداد و چوارچێوەی هەماهەنگی، پێکەوە بەرپرسیار و هاوبەشن لە پڕۆسەی شکست و دزیکردن لە وڵاتدا."
زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، واشنتن پێی وایە چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە و پێداگری دەکات لەسەر گرتنەبەری ئەو سیاسەتانەی کە زیانی ڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و سەقامگیریی ناوخۆیی وڵات دەگەیەنن.
تەحەدایەک لە ڕێگەی "ئەبو ئالای وەلائی"یەوە
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە خاڵێکی هەستیار داوە کە بووەتە هۆی تووڕەیی ئەمریکا، ئەویش بەشداریکردنی (ئەبو ئالای وەلائی) بووە لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران. واشنتن ئەم هەنگاوە وەک "تەحەدایەکی ئاشکرا" دەبینێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ناوبراو لەلایەن ئەمریکاوە خرابووە لیستی داواکراوان و تیرۆرەوە.
دۆسیەی مافی مرۆڤ و گروپە چەکدارەکان
بەگوێرهی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەمریکا لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە:
حکومەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی تیرۆرکردن و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەتەواوی شکستی هێناوە.
پێویستە ڕێوشوێنی توند و کردەیی بەرامبەر بەو قەوارە و لایەنانە بگیرێتەبەر کە پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانەوە هەیە.
سزاکان و پاداشتی دارایی
جێی ئاماژەیە، بەشداریکردنی ئەبو ئالای وەلائی لە ناوەندی بڕیاردانی سیاسیی عێراقدا لە کاتێکدایە، کە حکومەتی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی وردی لەبارەی ناوبراوەوە پێ بدات، ئەمەش ئاستی ئاڵۆزیی نێوان واشنتن و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی سودانی نیشان دەدات.