دوای ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پێشوازی لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کرد.
ئاوێنە: هەروەها باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە، هیوای خواست حکومەتێک پێکبهێنرێت کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی سەرجەم عێراقییەکانی هەبێت بۆ پشتگیریکردنی داهاتوویەکی گەشتر و ئاشتیانەتر. هاوکات هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی عێراق ڕاگەیاند کە هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانی وەک پاراستنی سەروەری عێراق، بەهێزکردنی ئاسایش بۆ تێکشکاندنی تیرۆر، و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشاوە کە سوودی بەرچاو بۆ ئەمریکییەکان و عێراقییەکان بهێنێت.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق، زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕاسپارد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە لە عێراق، ڕایگەیاند نوری مالیکی لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پاشەکشەی کردووە، دوای ئەوەی پێشتر لەمساڵدا کاندیدکردنی ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی ئەمریکا بووەوە، ئەمە جگە لە کشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سودانی.
گەنجترین سەرۆک وەزیرانی عێراق
لە کاتێکدا زەیدی کە ئێستا وەک گەنجترین سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەنرێت، دۆسیەی ئاڵۆزی لە بەردەمدایە، کە دیارترینیان "چەکی گروپە چەکدارەکان و پەیوەندییەکانی عێراقە لەگەڵ دراوسێکانی، جگە لە دۆسیەی ئابووری". پێشبینیش دەکرێت سەرۆک وەزیرانی نوێ مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکەی واشنتۆن بکات بۆ چەککردنی ئەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و ئەمریکا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی پۆلێنی کردوون.
هەروەها، بەپێی ئەوەی ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردووەتەوە، پێویستە لەسەری پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چاکبکاتەوە، کە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو بەرامبەر بەو هێرشانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کرایە سەر خاکەکەیان لە کاتی جەنگدا.
کەواتە دەبێت زەیدی چارەسەری ئەو کێشە ئابوورییانەش بکات کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە، بەتایبەتی دوای ئەو دابەزینە توندەی لە داهاتدا دروستبووە بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هورمزەوە، لە کاتێکدا هەناردەی نەوت نزیکەی ٩٠٪ی داهاتی بودجەی عێراق پێکدەهێنێت.
هەر دوای ڕاسپاردنی، زەیدی جەختی لەسەر ئیرادەی خۆی کردەوە "بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتێک کە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی هاوڵاتیان بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر".
هاوکات، زەیدی تەمەن ٤٠ ساڵ وەک کاندیدێکی سازان سەیر دەکرێت. ئەم پیاوە بازرگان و خاوەن بانکە کە خاوەنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنییە (دیجلە)، پێشتر لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان نەناسراو بووە.
هەروەها پێشتر هیچ پۆستێکی حکومی وەرنەگرتووە
جێی باسە، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ئەمەش ئەرکێکی ئاڵۆزە و زۆرجار دەکەوێتە ژێر کاریگەری ململانێ و بەرژەوەندییەکانی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی ناو وڵات، ئەمریکا و ئێران.