لە پێشهاتەیەکی نوێی ئەمنیدا، گروپی چەکداری "ئەسحاب ئەلکەهف" کە باڵێکە لەو گروپە عێراقییانەی خۆیان بە "بەڕخۆدانی ئیسلامی" دەناسێنن، بە توندی پڕۆژەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەتی ناوەندی عێراق ڕەتکردەوە. هاوکات هۆشدارییەکی توندیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ڕایانگەیاند، ئەگەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەیروت یان گەڕەکەکانی باشوری ئەو شارە، ئەوا شاری ئیلات و بەندەرەکەی ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی ئەوان دەبنەوە.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئەم گروپەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە لە ئەگەری بەئامانجگرتنی گەلەکەیان لە بەیروت و دەوروبەری، ناوچەی ئیلات و بەندەرەکەی لە ناوچە داگیرکراوەکان دەگۆڕێن بۆ گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان. گروپەکە ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە هەر هەنگاو و جوڵەیەک دژی ئیسرائیل ئەنجام بدەن، بە هەماهەنگی تەواوەتی دەبێت لەگەڵ بەرەی ناسراو بە "میحوەری بەڕخۆدان".
سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکان بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق، "ئەسحاب ئەلکەهف" ئەو بانگەوازانەی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە. گروپەکە پێی وایە ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە پاڵپشتی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی دەکەن بۆ پرۆسەی چەککردن، تەنها بە مەبەستی "فریودان و چەواشەکاری" بڵاودەکرێنەوە و دوورن لە ڕاستییەوە.
بۆ سەلماندنی هەڵوێستەکانیشیان، گروپەکە پشتیان بە لێدوان و هەڵوێستەکانی پێشووی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی بەستووە سەبارەت بە فەتوای "جیهادی کیفائی" و هەروەها دۆخی ئێستای شەڕی غەززە و لوبنان. لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەیان بە پەیامی سەرەخۆشی بۆ کوژرانی حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵای لوبنان کردووە، وەک بەڵگەیەک کە مەرجەعییەتی باڵا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن و پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین.
جێگەی باسە، "ئەسحاب ئەلکەهف" یەکێکە لەو گروپە چەکدارە عێراقییانەی کە زۆرترین نهێنییان لەگەڵدایە و لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە ناویان لە گۆڕەپانی ئەمنی و سیاسیدا دەبیسترێت.
لە ڕاپۆرتە شیکارییە توێژینەوەکانی ڕۆژئاوادا، ئەم گروپە وەک بەشێک لەو بەرە چەکدارییانە پۆلێن دەکرێن کە پەیوەستن بە ژینگەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوخۆی عێراق. ناوی ئەم گروپە زۆرجار لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هەڕەشەئامێز و گرتنەئەستۆی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل دەهێندرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا:
- هیچ سەرکردایەتییەکی دیاریکراو و ئاشکرایان نییە.
- هیچ پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی فەرمییان بۆ ڕایگشتی ڕانەگەیاندووە.