ئاژانسی "شەفەق نیوز" لە زمان سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشنیارێکی نوێ و جیاوازی لەبارەی دۆسیەی چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان پێشکەشی لایەنی ئەمریکی کردووە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە ئەمنییە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بنەمای سەرەکی پێشنیارەکەی سەرۆک وەزیران لەسەر بنەمای هاوکێشەی "ئابووری لەبەرامبەر چەکدا" داڕێژراوە؛ بە شێوەیەک کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان هان بدرێن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و وەبەرهێنانی گەورە لەناو عێراقدا. لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پلانە فەرمییەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی دەوڵەتدا و ناچارکردنی گرووپە جیاوازەکان بۆ ڕادەستکردنی تەواوی چەکەکانیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی ستراتیژیی عەلی زەیدی لەم پێشنیارە، گۆڕینی سروشتی دۆسیەی چەک و چەکدارانە لە تەنگژەیەکی ئەمنیی ڕاستەوخۆ و پڕ لە گرژییەوە، بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئابووری بەرفراوانتر. ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی هەلی کار و پڕۆژەی بەرهەمدار دەبێت بۆ چەکدارانی ئەو گرووپانە، تا ڕێگری لە هەر جۆرە گرژی و ڕەتکردنەوەیەک بکرێت لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا. زەیدی پێی وایە هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزی ئابووری و سیاسی بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی قۆناغ بە قۆناغ بە مەبەستی داماڵینی چەک و تێکەڵکردنەوەی چەکداران بە بازاڕی کارەوە.
ئەم پێشهاتە گرنگە پاش ئەوە دێت کە هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەسەڵاتی تەواوی بە بەڕێز زەیدی بەخشیوە بۆ گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت، هاوکات پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هێنانەوەی چەک بۆ بن دەستی دەوڵەت و جیاکردنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی لە ململانێ حزبی و سیاسییەکان دەربڕیوە.
شایەنی باسە، ئەم بڕیار و پێشنیارە نوێیە ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لیژنەی سێقۆڵی هات کە پێکهاتبوو لە (عەلی زەیدی، محەمەد شیاع سودانی، و هادی عامری)، کە تێیدا بە وردی تاوتوێی میکانیزمەکانی هەڵوەشاندنەوەی چەکی گرووپەکان و دیاریکردنی خشتەیەکی کاتیی ڕوون بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان کرابوو.