ئەمریکا لەڕێگەی تۆم باراکەوە ئۆپەراسیۆنی 'هەڵکەندنی ڕەگەوە' لە عێراق دەستپێدەکات'
  2026-06-04       541       

تۆڕی میدڵ ئیست مۆنیتۆر، ئاشکرایکرد کە "گۆڕانکارییەکی گەورە" لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق ڕوویداوە، و ڕایگەیاند کە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات "لە ڕاستیدا کۆتایی هاتووە" و گۆڕاوە بۆ "سیاسەتی جەمسەرگیری".

ئاوێنە: ​تۆڕەکە لە ڕاپۆرتێکیدا کە بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت: "تۆم باراک لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆشکی سپیدا نازناوی (پیاوی ئەرکە پیسەکان)ی هەڵگرتووە، و یەکێکە لەو کەمینە کەسایەتییانەی کە دەتوانن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قایل بکەن بە گرتنەئەستۆی ئەرکی هەڵوەشاندنەوە و یەکلاکردنەوەی دۆسیە ئاڵۆزەکان".

​هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە: "گروپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق پێیان وایە سیاسەتی ئەمریکا بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دەدرێت بە فەرمانبەرە دیپلۆماسییە ئاست مامناوەندەکان دەگۆڕێت، بەو پێیەی ئەم گروپانە گۆڕانکاریی ناوەکانیان وەک سەرکەوتنی مەعنەوی قۆزتووەتەوە، بەڵام ئەم بابەتە لەسەر تۆم باراک جێبەجێ نابێت".

​ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پیاوەی کە ئەرکە پیسەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگرێتە ئەستۆ، ئێستا دۆسیەی عێراقی وەرگرتووە، ئەمەش وەرچەرخانێکی چۆنایەتییە لە مامەڵەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق، چونکە لە قۆناغی مامەڵەکردن وەک هاوبەشێکەوە گواستوویەتیەوە بۆ مامەڵەکردن وەک جەمسەرێک لە چوارچێوەی ئەو بەرەیەی کە پەیوەستە بە ئێران، پاشان بەغدا و تەنانەت بەیرووتەوە".

​تۆڕەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە تۆم باراک "بە هیچ شێوەیەک سیاسەتی نەرم پەیڕەو ناکات، بەڵکو ناو لە شتەکان دەنێت وەک خۆیان و بە ئاشکرا سووکایەتی بە بەرامبەر دەکات و بەبێ دەستکێشی ئاوریشم قسە دەکات"، و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "باراک هەوڵیداوە دۆسیەی عێراق لەگەڵ دۆسیەی ئێران و لوبنان و تورکیا یەکبخات لەبری ئەوەی وەک دۆسیەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکات".

​تۆڕەکە دەڵێت: "دەستنیشانکردنی باراک وەک بەرپرسی دۆسیەی عێراق، ڕەزامەندیی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر پێشنیازەکەی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق وەک بەشێک لە (جەمسەری ئێرانی) پشتڕاست دەکاتەوە"، و ڕوونیشیکردووەتەوە کە "سەرنجدان لە ناوخۆی عێراق لەسەر کەسایەتیی باراک، بابەتێکی قووڵتر لە پشت خۆیەوە دەشارێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە واشنتۆن چیتر عێراق وەک هاوبەشێکی سیاسی نابینێت، بەڵکو وەک دۆسیەیەکی ئەمنیی تێکچوو دەیبینێت، و بەم شێوەیەش مامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ عێراق بە دانانی باراک لە دانوستانەوە گۆڕاوە بۆ هەڵکەندنی نەشتەرگەرییانەی تەواوەتی (بڕینەوە لە ڕەگەوە)"، بەپێی وەسفەکەی.

​هەروەها تۆڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بابەتەکە "بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق ڕوونترە، کە ئێستا درک بەوە دەکەن بڕیاری ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەژموونیان لە ناوخۆی عێراق چیتر ئارەزوویەکی کەسیی بەرپرسێکی ئەمریکی نییە، بەڵکو بژاردەیەکی دامەزراوەیی بەردەوامە، و باراک دەبێتە ئەو ئامرازەی کە ئەوە جێبەجێ دەکات".

​ڕاپۆرتەکە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "گەیشتنی باراک چیتر گۆڕانکاری نییە لەو کەسایەتییانەی کە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی عێراق دەکەن، بەڵکو ڕاگەیاندنی سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا بڕیارەکان لەسەر بنەمای کاریگەرییان بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە ناوخۆی عێراق هەیە دەدرێن، لەبری ئەوەی بۆ ڕازیکردنی لایەنە ناوخۆییەکان بێت".

​تۆڕەکە ڕاپۆرتەکەی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوە کۆتایی پێهێنا کە عێراق "پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، واشنتۆن چیتر بەغدا وەک دۆسیەیەکی پەیوەندییەکان نابینێت، بەڵکو وەک دۆسیەیەک بۆ دروستکردنی بڕیار دەیبینێت"، و جەختیشی کردەوە کە "سەبری واشنتۆن لەگەڵ هێزە دووفاقییەکانی ناوخۆی عێراق و دزەکانی دەوڵەت نەماوە، و زمانی داهاتوو دیپلۆماسی نابێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ، ڕوون، ئاشکراکەر و لەوانەیە ئازاربەخشیش بێت"، بەپێی وەسفەکەی.

​تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە "ئێستا سەردەمی لێکتێگەیشتنی خۆڵەمێشی لە عێراق کۆتایی هاتووە و سەردەمی بڕیارە یەکلاکەرەوەکان دەستی پێکردووە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×