دادگای باڵای تاوانەکان: سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی نییە
  2026-07-06       174       

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، سەرجەم ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو بەردەوام دەبن و بە تێپەڕبوونی کات بەسەرناچن. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی دەستکاریی یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لەسێدارەدانی ئەم دادگایەی نییە.

ئاوێنە: ​دادوەر سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، دادگاکەیان لەسەر بنەمای دەقە دەستوورییەکان بەردەوامە لە یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانەی خراونەتە بەردەستیان. لامی ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 3300 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.

​سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکان ئاماژەی بە قۆناغەکانی دامەزراندنی دادگاکە کرد و ڕایگەیاند: "دادگاکە لە ساڵی 2005 بەپێی یاسای ژمارە 10 دامەزراوە، وەک درێژکراوەی ئەو دادگایەی کە ئەنجومەنی حوکم لە ساڵی 2003 دایمەزراندبوو".

​بەپێی وتەی لامی، دادگاکە لە ڕووی کارگێڕییەوە تا ساڵی 2011 بەستراو بوو بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام بە دەرچوونی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2011، پەیوەست کرا بە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی سەربەخۆیی و بێلایەنی دادوەری.

​سەعد لامی بە ئاماژەدان بە مادەی 27ی یاسای دادگاکە، جەختیکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی یان دەستووریی نییە بۆ هەموارکردن، سووککردن، یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لەسێدارەدان کە لەلایەن ئەم دادگایەوە دەرچوون. ڕۆڵی سەرۆک کۆمار تەنها کورت دەبێتەوە لە دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکان.

​سەبارەت بە تایبەتمەندی دادگاکەش، لامی روونیکردەوە کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تایبەتە بە دادگاییکردنی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ، و تاوانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید). وتیشی: "دادگاکە دادگایی هەر کەسێک ناکات تەنها لەبەر ئەوەی پۆستێکی حزبی یان ئەمنیی هەبووە، بەڵکو تەنها ئەو کەسانە دادگایی دەکات کە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتییان لەسەرە و سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە".

​کۆتایی بە وتەکانی هێنا بەوەی کە بڕیارەکانی دادگاکە کۆتایی نین و قابلی تانەلێدانن لە بەردەم دادگای تەممیزی فیدراڵی، هاوشێوەی دادگاکانی دیکە، بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەکیان هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×