بانکی ناوەندی عێراق لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمی دابینکردنی دراوی بیانی بۆ گەشتیاران، بڕیاری کەمکردنەوەی پشکی دۆلاری بۆ سەرجەم گەشتیاران پەسەند کرد.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکان، بڕی ئەو دۆلارەی کە بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران دەدرێت لە سێ هەزار دۆلارەوە بۆ دوو هەزار دۆلار کەمکراوەتەوە. ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە میکانیزمی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی گەشتکردن دێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە گشتگیرە و سەرجەم ئەو هاوڵاتییە عێراقییانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، بە مەبەستە جیاوازەکانەوە، لەوانە:
- گەشتوگوزار و گەشتی خێزانی.
- گەشتی چارەسەری پزیشکی.
- گەشتی خوێندن و فێرکاری.
- سەفەری حەج و عومرە.
- گەشتە بازرگانییەکان.
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی پارەکە، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە میکانیزمی گەیاندنی دۆلاردا نەکراوە؛ هاوڵاتییان دەتوانن وەک پێشوو لە ڕێگەی بانکە حکومی و ئەهلییەکان و هەروەها کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی مۆڵەتپێدراو، پاش مۆرکردنی پاسپۆرتەکانیان و پێش کاتی ڕۆیشتنیان، پشکی دیاریکراوی دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.
سەبارەت بەو گەشتیارانەی کە بە هۆی بارودۆخی تایبەتەوە (وەک نەخۆشی یان مامەڵەی بازرگانی) پێویستیان بە بڕی زیاتر لە دوو هەزار دۆلار هەیە، سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە بانکی ناوەندی ڕێگەی دیکەی داناوە:
"ئەو گەشتیارانە دەتوانن پشت بە کارتی پارەدانی ئەلکترۆنی ببەستن و باڵانسی زیاتر لە ڕێگەی ئەو کارتانەوە بەکاربهێنن. خەرجکردنی پارە لە دەرەوەی عێراقیش لە ڕێگەی کارتی ئەلکترۆنییەوە بەپێی نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دراو، کە ۱۳۲۰ دینارە بۆ هەر دۆلارێک، ئەنجام دەدرێت."
جێگەی ئاماژەیە، پێشتر هەر هاوڵاتییەک گەشتی دەرەوەی وڵاتی بکردایە، دەکرا بڕی سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی (واتە هەر ۱۰۰ دۆلار بەرامبەر ۱۳۲ هەزار دینار) وەربگرێت. شایەنی باسە، ئەم بڕیارانەی بانکی ناوەندی عێراق، بەپێی زانیارییەکان، گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران ناگرێتەوە.