میدیایەکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە پرۆسەی ناردن و گواستنەوەی دۆلاری کاش بۆ عێراق دەستپێبکاتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو داهاتانەی نەوتی عێراق کە لە بانکەکانی ئەمریکادا پاشەکەوت کراون.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»، ئەم بڕیارەی واشنتۆن بێ مەرج نییە و بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توند بەستراوەتەوە کە ئامانجی سەرەکییان کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی دارایی و رێگریکردنە لەوەی ئەو پارانە بگەنە دەست ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی سەر بە ئێرانن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی ئەم مەرجە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دارایی عێراقدا؛ چونکە حکومەتی بەغدا و بانکی ناوەندی ناچار دەبن چاودێرییەکی توندتر و وردتر لەسەر حەواڵەکان و فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی (کاش) دابنێن.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراوی عێراق هەبێت و ببێتە هۆی داخستنی ئەو رێڕەوە داراییانەی کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان پێشتر بۆ دەستخستنی دۆلار و سوودوەرگرتن لە جیاوازییەکانی بازاڕی دراو بەکاریان دەهێنا.
تا ئێستا لایەنی فەرمی لە حکومەتی عێراق یان بانکی ناوەندی هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەسەر وردەکاریی ئەم مەرجانە و میکانیزمی جێبەجێکردنیان بۆ رای گشتی بڵاونەکردووەتەوە.