لە نوێترین لێدوانیدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئیرادەی حکوومەتەکەی بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە کاتی هێشتنەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نزیک بووەتەوە لە کۆتایی.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی، کە پشتی بە چاوپێکەوتنێکی زەیدی لەگەڵ کەناڵی (العربیە) بەستووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاریان داوە کۆتایی بەو کێشانە بهێنن کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا گوتی: "دەتوانین هەموو دۆسیە هەڵواسراوەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بهێنین، چونکە ئێمە بڕوامان بە گواستنەوەی کێشەکان بۆ داهاتوو نییە، بەڵکو بڕوامان بە چارەسەرکردنی بنەڕەتییان هەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زەیدی تیشکی خستە سەر پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رایگەیاند کە هیچ هێڵێکی سوور لەبەردەم لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ گەندەڵکاران بوونی نییە. هەروەها باسی لە هەماهەنگییە بەردەوامەکانی نێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری کرد بۆ مەبەستی گێڕانەوەی سامانی گشتی و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش، ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەر یەک لە ئەمریکا، ئێران و عەرەبستانی سعوودی کرد و روانگەی حکوومەتەکەی بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا خستەڕوو.
لەبارەی پرسی ئەمنی، گرووپە چەکدارەکان و داهاتووی چەک لە عێراق، سەرۆک وەزیران هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی راگەیاند. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا لەگەڵ ئەو گرووپانە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی چەکەکانیان دابنێن و تێکەڵی پرۆسەی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی ببن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ وەک دوایین مۆڵەت بۆ ئەو مەبەستە پێیان دراوە، و دوای ئەو رێکەوتە دەبێت بە شێوەیەکی رەها چەک تەنها لە دەستی حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا بێت.