لە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراودا لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و تاران، زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و فەرماندەی سوپای قودس، هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بە هەژموونی میلیشیاکان و دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق نواندووە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی "الحرە" لە سێ سەرچاوەی ئاگاداری بڵاوکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی 28ی حوزەیراندا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، زەیدی بە شێوازێکی راستەوخۆ و بێ پێچوپەنا پرسیاری ئەوەی لە عراقچی کردووە: "ئایا ئێوە قبوڵتانە من دەستوەردان لە کاروباری ئەمنی ئێران بکەم؟ ئایا رێگەم پێدەدەن بچم لە ناوخۆی ئێراندا گرووپی چەکدار دروست بکەم؟".
کاتێک عراقچی وەڵامی داوەتەوە "بێگومان نەخێر"، زەیدی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی داوەتەوە: "کەواتە بۆچی رێگە بەخۆتان دەدەن گرووپە چەکدارەکان لەسەر حیسابی دەوڵەتی عێراق بەهێز بکەن؟". ئەم قسانە ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی بەغداد چیتر ئامادە نییە سەروەری خۆی بۆ ململانێ هەرێمایەتییەکان بەلاوە بنێت.
تەنها دوو رۆژ دوای سەردانەکەی عراقچی، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بە سەردانێکی نهێنی گەیشتە بەغداد، بەڵام ئەم سەردانەش نەبووە مایەی هێورکردنەوەی دۆخەکە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی حکومی، زەیدی بە دەنگێکی بەرز جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت ئێران "گرووپە چەکدارەکان لەسەر حیسابی دەوڵەت بەهێز بکات".
زەیدی لەو دیدارەدا نەیشاردووەتەوە کە قۆناغی بوونی راوێژکارانی سوپای پاسداران لە عێراق بەسەرچووە و وتوویەتی: "وەک چۆن پێویستمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەماوە، بەهەمان شێوە پێویستمان بە راوێژکارانی ئێران نەماوە".
ئەم هەڵوێستەی زەیدی لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی هەوڵێکی چڕ دەدات بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و پەرەسەندنی فشارەکانی ئەمریکا بۆ نەهێشتنی هەژموونی میلیشیاکان. بەغداد دەیەوێت پێش کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، دۆسیەی چەکی بێ مۆڵەت یەکلایی بکاتەوە.
دەرکەوتنی ئەم گرژییانە لە نێوان زەیدی و بەرپرسانی باڵای ئێران، پێشاندەری قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و تارانە، کە تێیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان پاراستنی سەروەری و پەیوەندییە دەرەکییەکاندا دروست بکات.