پهرلهمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەنگی دا لەسەر لادانی حهیدهر مهكییه، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پۆستەکەی، ئەم هەنگاوەش دوای چەند دانیشتنێکی لێپرسینەوەی پاشملە (غیابی) دێت کە تێیدا چەندین مەلەفی پەیوەندیدار بە سەرپێچی ئیداری و یاسایی نێو دەستەکە خرانەڕو.
ئاوێنه: فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پهرلهمانی عێراق، له راگهیهندراوێكدا کورتدا ئاشكرایكرد، "پهرلهمان دەنگی داوە لەسەر لادانی حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان لە پۆستەکەی"، هاوکات جەختیشی کردەوە لەسەر "ڕەوانەکردنی سەرجەم ئەو مەلەفانەی کە پەیوەندییان بە خۆی و کارەکانی دەستەکەوە هەیە بۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی".
ئەم بڕیارەش دوای زنجیرەیەک جوڵەی چاودێری دێت کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە سەرکردایەتی دەکرا، کە دوایینیان لێدوانەکانی پەرلەمانتار مەنسور بەعێجی بو کە له كاتی پێشتری ئەمڕۆدا جەختی کردەوە لهوهی پهرلهمان بەردەوامە لە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە بەهۆی "ئامادەنەبونی سەرۆکی دەستەکە بۆ داکۆکیکردن لە خۆی لەبەردەم ئەو بەڵگەنامەو دیكۆمێنتانهی کە لە مەلەفەکانی گەندەڵی و سەرپێچییە ئیدارییەکاندا هەن".