ئهنجومهنی باڵای دادوهریی عێراق رونكردنهوه لهبارهی دۆسیهی دزی سهده و دۆسییهكهی عهدنان جومهیلی دهدات و تێیدا میكانیزمهكانی گهڕاندنهوهی پارهكانی گهندهڵی ئاشكرادهكات و دهڵیت، رێكارهكان لهدژی ئهوانه سوكدهكرێن كه بهویستی خۆیان پارهكان دهگێڕنهوه.
ئاوێنه: ئهنجومهنی باڵای دادوهریی عێراق، ئهمڕۆ ههینی رونكردنهوهیهكی لهبارهی دۆسیهی نور زوههیر تۆمهتباری سهرهكی دۆسیهی دزی سهده كه به دۆسیهی سپاردهكانی باج ناسراوهو ههروهها دۆسیهی عهدنان جومهیلی بڵاوكردهوه.
دهقی رونكردنهوهكه:
ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەیەوێت ڕونی بکاتەوە کە ئەنجومەنەکە لە ڕێگەی ئەو دادگایانەی تایبەتن بە کەیسەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، هەوڵی بەدیهێنانی دو ئامانجی لێکگرێدراو دەدات؛ یەکەمیان لێپرسینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی تاوانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی ئەنجام دەدەن، دوەمیشیان گەڕاندنەوەی پارەکانی دەوڵەت. ئەمەش دەکرێت یان لە ڕێگەی سوکكردنی ڕێکارە یاساییەکانەوە یان سوکكردنی ئەو سزایە بەدیبهێنرێت کە بەسەر تۆمەتبارانی ئەم تاوانەدا دەسەپێنرێت، ئەمەش بەپێی ئەوەی لە دەستور و یاسادا ڕێپێدراوە. ئەم ڕێچکەیەش بە دیاریکراوی لە کەیسی سپاردەكانی باج دەستیپێکرد، لێرەشدا ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕون دەکەینەوە:
یەکەم: کورتەی ئەم تاوانە لەوەدا چڕدەبێتەوە کە ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە عێراقدا کار دەکەن، بڕی ٥٪ لە بەهای پڕۆژەکە وەک سپاردە لە لای دەستەی گشتیی باج دادەنێن بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دوای کۆتاییهاتنی کاری کۆمپانیاکەش، مافی خۆیەتی لەماوەی پێنج ساڵدا ئەم بڕە پارەیە بکێشێتەوە. بەڵام کۆمپانیاکانی ڕاییکردنی مامەڵە، لەوانەش هەردو کۆمپانیای حوکمدراو "نور زوهێر" (ئەلقانیت و ئەلموبدیعون)، ڕێکاری نایاسایی و ناڕەوایان گرتەبەر لە پرۆسەی کێشانەوەی ئەم سپاردانەدا؛ لەبەر ئەوە ڕێکاری یاسایی دژی تەواوی تێوەگلاوانی ئەم تاوانە گیراوەتەبەر، لە خاوەنی ئەو کۆمپانیایانەو ئەو فەرمانبەرانەی کە هاوکارییان کردون لە پرۆسەی کێشانەوە ناڕەواکەدا.
دوەم: لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی پێشوداو دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەو دادوەرەی کە تایبەت بو بە لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا، ڕێککەوتن کرا لەسەر ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی بەناوی "نور زوهێر" بە کەفالەتێکی دەستەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە کێشراوانە بەشێوەی قیست لە بەرامبەر سوكکردنی سزاكەی لەو کاتەدا. بە كردهوهش بڕی ٣٦٥ ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە لە کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی کە لەسەر هەردو کۆمپانیاکەی ئەو (ئەلقانیت و ئەلموبدیعون) بو کە بڕهکەی بریتی بو لە (١،٦١٨،٣٧٠،٨٨٢،٠٠٠) یەک ترلیۆن و شەشسەد و هەژدە ملیار و سێسەد و حەفتا ملیۆن و هەشتسەد و هەشتا و دو هەزار دینار. ئەم بڕە پارەیەش بەشێکە لە کۆی گشتیی ئەو بڕە پارە گشتییەی کە لە بانکی ڕافیدەین لەلایەن سەرجەم کۆمپانیاکانی کێشانەوەوە برابو، کە بڕەکەی دەگەیشتە (٣،٨٣١،٣٧٠،٨٨٢،٠٠٠) سێ ترلیۆن و هەشتسەد و سی و یەک ملیار و سێسەد و حەفتا ملیۆن و هەشتسەد و هەشتا و دو هەزار دیناری عێراقی.
پاشان تۆمەتباری ناوبراو گەشتی بۆ دەرەوەی عێراق کرد و پرۆسەی دانهوهی پارەکە وەستا؛ لەبەر ئەوە ڕەوانەی دادگای ناوهندیی تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کرا و حوکمی غیابیی (بەبێ ئامادەبونی خۆی) بە سزای دە ساڵ زیندانیکردن بۆ دەرچو، لەگەڵ ڕێکخستنی مەلەفی گەڕاندنەوە و نوسراوکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بۆ گەڕاندنەوەی بۆ عێراق.
دوای دەرچونی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، پارێزەری حوکمدراوی ناوبراو داواکارییەکی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بریگرتهكهی بخرێتە ژێر چەتری ئەو یاسایە لە بەرامبەر تەواوکردنی پرۆسەی بژاردنی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی کە لەسەری مابو. بەكردهوهش پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە کرا بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان لەسەر ئەم داواکارییە، چونکە لایەنی زیانمەندە و دەبێت ڕەزامەندیی وەزیر وەربگیرێت لەسەر میکانیزمی بژاردنی ئەو پارانەی لەسەر حوکمدراوەکەیە بەپێی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردن. بەڵام هیچ وەڵامێک نەگەیشتە دادگا لەو بارەیەوە، بۆیە بابهتی ئهوهی كه حوکمدراوی ناوبراو یاسای لێبوردن بیگرێتهوه بە هەڵپەسێردراوی مایەوە تا ئەو کاتەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر میکانیزمی بژاردنی پارەکان لەگەڵ حوکمدراوەکە یان پارێزەرەکەی ڕێککەوتن دەکرێت.
لە هەمان کاتدا، حوکمی حزوریی (بە ئامادەبونی خۆیان) بە زیندانیکردن بەسەر 12 فەرمانبەردا بە ناونیشانی جیاواز لە دەستەی گشتیی باج سەپێنرا، کە هاوکاریی حوکمدراوەکەیان کردبو لە پرۆسەی کێشانەوەی پارەکاندا لە ڕێگەی مامەڵەی پێچەوانەی ڕێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان. لە ئێستادا ئەوان لە زیندانن و ماوەی حوکمەکەیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ تێبینیی ئەوەی کە ئەگەری هەیە ئەوانیش بخرێنە ژێر حوكمی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی بەکار، بەڵام دوای بژاردنی بڕی ئەو قەرەبوەی کە وەزارەتی دارایی دیاریی دەکات و لەلایەن خۆیانەوە دەدرێت.
بە هەمان شێوە، حوکمی غیابیی زیندانیکردن بەسەر بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە و چەند ڕاوێژکارێکدا دەرچو، لەگەڵ ڕێکخستنی مەلەفەکانی گەڕاندنەوەیان لەو وڵاتانەی کە تێیدا نیشتەجێن، هەروەها فهرمانی دهستگیركردن بۆ کەسانی تریش دەرچو. لەگەڵ تێبینیی ئەوەی کە سەرجەم ئەوانیش دەکرێت بخرێنە ژێر حوكمی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردن ئەگەر بێت و ئەو بڕە پارانەی لەسەریانە بیبژێرن.
هەروەها حوکمی حزوریی زیندانیکردن بەسەر چەند کەسێکدا سەپێنرا کە فەرمانبەر نەبون، بەڵام پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ وەزیری دارایی ئەو کاتە قۆستبوەوە و بەشدار بون لە ئاسانکاریی کێشانەوەی پارەی ئەم کۆمپانیایانە و دەست بەسەر تەواوی داراییە گواستراوەکان و نەگواستراوەکانیاندا گیرا. لێکۆڵینەوەش لەگەڵ ئەو سەرۆک وەزیرانە کرا کە ئەم تاوانە لە ماوەی حکومەتەکەیدا ڕویدابو، بەڵام لێکۆڵینەوەکە لە دژی ئەو بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە داخرا. جگە لەوەش، دەست بەسەر خانوبەرە و داراییە گواستراوەکانی بەشێک لەو حوکمدراوانەدا گیرا لە عێراق و دەوڵەتی کوێت کە لە ئێستادا لە زینداندان.
سێیەم: سەبارەت بە کەیسی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکور (مصافي الشمال) و تۆمەتباری دەستبەسەرکراو "عەدنان جومهیلی" و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەمان ئەو ڕێکارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا دەگیرێتەبەر؛ ئەمەش لە دۆخێکدا ئەگەر تاوانی هەر یەکێکیان پێش مێژوی بەرکاربونی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردن ئەنجامدرابێت و ئەو پارانەی لەسەریەتی بۆ وەزارەتە زیانمەندەکە بگەڕێنێتەوە.
بەڵام ئەگەر تاوانەکە دوای بەرکاربونی یاسای لێبوردن ئەنجامدرابێت، بە سیاق و ڕێکاری جیاواز مامەڵە لەگەڵ تۆمەتباراندا دەکرێت، چونکە تاوانەکەیان ناچێتە ژێر چەتری یاسای لێبوردنەوە. لەبەرئەوە، لە ئێستادا و بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا، لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک کە بگونجێت لەگەڵ میکانیزمە دەستوری و یاساییەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئەو دو ئامانجەی ئاماژەیان پێدرا لە گەڕاندنەوەی پارەکانی دەوڵەت، لە بەرامبەر سوکردنی ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو کەسانەی کە بە ویستی خۆیان (خۆبەخشانە) ئەو پارانە دەگەڕێننەوە.