ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵای عێراق هەڕەشە لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات: "لە رێچکەی موقاوەمە لانەدەن"
  2026-07-10       329       

ئەمڕۆ هەینی، ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٦، ئەبوحوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵای عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی ڕێکخراوەکەی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند.

​ئاوێنە: حەمیداوی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کەتائیبی حزبوڵا بە بڕیار و ڕاسپاردەی ڕابەری کۆچکردووی ئێران، عەلی خامنەیی، دامەزراوە و هەتا ئێستاش بە هەمان ستراتیژی و ئاراستەی سەرەتایی خۆیان بەردەوامن. ناوبراو مەراسیمی بەخاکسپاردنی خامنەیی لە عێراق وەک بەڵگەیەک بۆ پشتیوانیی جەماوەری لەو ڕێبازە دەبینێت و پێی وایە ئەمە شەرعییەتی مانەوەی ئەوان و پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتانە دەسەلمێنێت.

​لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئەبوحوسێن حەمیداوی کە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا هاتووە، ڕووی دەمی دەکاتە سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق و دەڵێت: "سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەوە ڕادەکێشین کە پێویستە لە ئاراستەی 'موقاوەمە' لانەدەن، چونکە لە داهاتوودا هیچ پەشیمانییەک سوودی بۆ ئەو کەسانە نابێت کە لەم ڕێبازە لادەدەن."

​ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کارنامەی کابینەی عەلی زەیدی، بریتییە لە ڕێکخستنەوەی چەکی میلیشیاکان و خستنەژێر چەتری دەوڵەتەوە. سەرەڕای ئەوەی هەندێک گرووپی چەکدار ئامادەیی خۆیان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەم هەنگاوە نیشانداوە، بەڵام کەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا و سەید شوهەدا هێشتا بە ئاشکرا ڕەتی دەکەنەوە چەک دابنێن یان بێنە ژێر ڕکێفی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی سەربازیی حکوومەتەوە.

​چاودێران پێیان وایە، ئەم لێدوانەی حەمیداوی ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی ئەو گرژییانەی لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکوومەتی عێراقدا هەیە، بەتایبەت لەو پرسەدا کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی تاکڕەوای دەوڵەت لە بەکارهێنانی هێزدا هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×