لە میانی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی ڕەوەندی عێراقی لەو وڵاتە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە کە عێراق قۆناغێکی نوێی سەقامگیری تێپەڕ دەکات و دەرگاکانی بۆ وەبەرهێنان و بەشداریکردنی تاراوگەنشینان لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا کردووەتەوە.
"دۆخی سەقامگیری، عێراق دەکاتە مەیدانی وەبەرهێنانی جیهانی"
ئاوێنە: سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی وتارێکدا بۆ کۆمەڵێک لە بازرگانان، شارەزایان و پیاوانی ئایینی و خوێندکارانی نێردراوی عێراقی لە ئەمریکا ڕایگەیاند: "دۆخی ئێستای عێراق، لە سایەی ئەو چاکسازییە گشتگیرانەی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داڕشتنەوەی ناسنامەی ئابووری دەستی پێکردووە، گونجاوترین دەرفەتە بۆ گەڕانەوەی عێراقییە تاراوگەنشینەکان و بەشداریکردنیان لە بنیاتنانی ئابوورییەکی فرەچەشن و مۆدێرن".
بانگەواز بۆ هاوبەشی ئابووری
زەیدی بە ئاڕاستەکردنی پەیامێکی ڕاشکاو بۆ بازرگانانی عێراقی لە ئەمریکا وتی: "پێویستە ئێوە وەک پردێک کار بکەن بۆ هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناو بازاڕی عێراق. ئێمە لە حکومەت بەڵێن دەدەین ژینگەیەکی لەبار و ئاسانکاری تەواو بۆ پڕۆژەکانتان دابین بکەین، بە جۆرێک ببێتە مایەی پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و خولقاندنی هەلی کار بۆ گەنجانمان".
ئاسانکاری بۆ ڕەوەندی عێراقی: بەڵێنی بە کردار
لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵگەرییەکان، سەرۆک وەزیران ڕێنمایی توندی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە واشنتن دا کە لە زووترین کاتدا کارئاسانی بۆ داواکارییەکانی ڕەوەندی عێراقی بکەن. ئەو ئاسانکارییانە بریتین لە:
خێراکردنی پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو.
یەکلاکردنەوەی بەپەلەی مامەڵە کۆنسوڵگەرییەکان و بەڵگەنامە فەرمییەکان.
بەدواداچوون بۆ پێشنیار و داواکارییەکانی ڕەوەندی عێراقی بۆ بەشداریکردنی زیاتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی وڵاتدا.
ئەم سەردانەی عەلی فالح زەیدی بۆ واشنتن، یەکەم سەردانی فەرمی ناوبراوە لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران. لە چوارچێوەی ئەم گەشتەدا، زەیدی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و ئاسایشدا.