ئا: د. یاسین تەها
لە قۆناغێکی چارەنووسسازدا بۆ پێگەی جیۆپۆلیتیکی عێراق، پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن بەرەو وەرچەرخانێکی مێژوویی دەچن. پەیپەرێکی شیکاریی «خانەی هزریی کوردستان» کە لەلایەن د. یاسین تەهاوە نووسراوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی دوای سەردانەکەی "زەیدی" بۆ ئەمەریکا هاتوونەتە ئاراوە، کە تیایدا ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت "هەژموونی ئەمنیی تەقلیدی" بگۆڕێت بۆ "هاوبەشیی ئابووریی بەرفراوان".
گۆڕینی نەخشەی وزە: لێدان لە هەژموونی ئێران
پەیپەرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ستراتیژییەکی جیاوازی بۆ عێراق داناوە؛ لە جیاتی مانەوەی سەربازیی ڕووت، پشت بە "هێزی نەرم" و وەبەرهێنان دەبەستێت. گرنگترین خاڵی ئەم ستراتیژییە، پڕۆژەی هێڵی بۆریی نەوتی «بەسرە-فیشخابوور»ە کە عێراق بە بەندەری جیهانی تورکی دەبەستێتەوە، لەگەڵ لقی دووەمی بۆ «بانیاس»ی سووریا. ئەم هەنگاوە دەرچەیەکی ئابووریی نوێیە کە پشتبەستنی عێراق بە "گەرووی هورمز" کەمدەکاتەوە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێگەی ئابووریی ئێران لە عێراقدا لاواز دەکات.
گرێ کوێرەی چەک و "عەقیدەی هەرێمایەتی"
سەرەڕای ئەوەی حکوومەت هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەک دەدات، بەڵام بوونی چەند گرووپێکی وەلائین (وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا) وەک بەربەستێکی سەرەکی دەمێنێتەوە. ئەم گرووپانە بە "عەقیدەیەکی هەرێمایەتی" بەستراونەتەوە کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی زەیدی بە پنتاگۆن ئەستەم دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیپەرەکە ئاشکرای دەکات کە بەرەی نەیارانی زەیدی یەکگرتوو نییە؛ لێکترازانی ناوخۆیی نێوان هێزە شیعەکان و ئامادەییی بەشێکیان بۆ ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی چەک، دەرفەتێکی تاکتیکی بۆ حکوومەت دروستکردووە.
چاکسازی لەنێوان پارێزبەندی و یاسای لێبووردندا
لەبارەی هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی ("ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان")، شیکارییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە چاکسازییەکان هێشتا بە "پارێزبەندیی سەرکردە گەورەکان" و "یاسای لێبووردنی گشتی" کۆت کراون. ئازادکردنی زیاتر لە ٤٠ هەزار تۆمەتبار لە سەرەتای ٢٠٢٥ەوە و غیابی حیساباتی کۆتایی پەرلەمان، وەک دەرچەیەک بۆ گەندەڵکاران ماونەتەوە و ڕێگری لە بەزاندنی هێڵە سوورەکان دەکەن.
دەرەنجامی کۆتایی: عێراق لە ناوچەی "خۆڵەمێشی"دا
شیکارییەکەی خانەی هزریی کوردستان بە سێ خاڵی سەرەکی کۆتایی دێت:
شەرعییەتی دوولایەنە: پشتیوانیی واشنتۆن پێگەی ناوخۆیی زەیدی قایمتر کردووە و شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیشی پێبەخشیوە.
تاقیكردنەوەی واقیع: زەحمەتە بە تەواوی پشت بە یاداشتنامەکان ببەسترێت، چونکە ئەزموونی ڕابردوو (٢٠٢٤) دەریخستووە کە زۆربەی ئەو بەڵێنانە ڕەهەندی پراکتیکییان نەبووە.
چارەنووسی نادیار: چارەنووسی عێراق بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ململانێی واشنتۆن و تاران؛ تا ئەو ململانێیە یەکلا نەبێتەوە، عێراق لە دۆخێکی ناسەقامگیری "خۆڵەمێشی"دا دەمێنێتەوە.