ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، سەردانێکی فەرمی بۆ تاران ئەنجامدا، سەردانێک کە یەکەم هەنگاوی بۆ ئێرانە دوای سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت و چاودێران پێیان وایە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ سیاسەتی هاوسەنگیی بەغدایە لە نێوان واشنتن و تاران.
ئاوێنە: سەرچاوە حکومییەکان ئاماژە دەدەن کە سەردانەکە تەنها چوارچێوەی پەیوەندییە دوقۆلاییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو پەیامە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەڵگرتووە. بەپێی ئەو سەرچاوانە، زەیدی هەوڵ دەدات دڵنیایی بە تاران بدات کە کرانەوەی بەغدا بە ڕووی واشنتن لەسەر حیسابی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نییە، و عێراق هێشتا پابەندە بە پاراستنی هاوسەنگیی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا.
هەروەها، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سەرۆک وەزیر پەیامێکی ناڕاستەوخۆ لە واشنتن بۆ تاران دەگوازێتەوە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی ئەمریکا ئامانجی ڕووخاندنی سیستمی ئێران نییە و لێدوانە توندەکان لە چوارچێوەی فشارە سیاسی و جەنگییەکاندا دێن.
دۆسیەی گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆکان. بەغدا هۆشداری دەدات کە هەر بەردەوامبوونێک لە سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی عێراق یان داخستنی گەرووی هورمز، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئابووری و ئاسایشی عێراق دادەنێت و ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوخۆ.
بەپێی وتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە سەردانەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی گەشەسەندنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بابەتەکانی هاوکاری لە بوارەکانی بازرگانی، گواستنەوە، کشتوکاڵ، ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش باس دەکرێن، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
توێژەرانی سیاسی پێیان وایە ئەم سەردانە هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی عێراق وەک نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو لە نێوان ئەمریکا و ئێران. بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەوڵە بەوە بەستراوەتەوە کە بەغدا تا چەند بتوانێت هەردوو لایەن قایل بکات کە پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەمووانە و ڕێگایەکە بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێم.