ئەمریکا و سعودیە هەڵمەتێکی سەربازیی هاوبەشیان لە عێراق ئەنجامدا، کە تێیدا چەندین پێگە و مەخزەنی چەکی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە بەشەکانی ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە کرانە ئامانج. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ هێرشی درۆنی لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سعودیە کرابوون.
ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند کە هێرشەکان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەڕێوەچوون و ئامانجیان تێکشکاندنی ئەو بنکانە بووە کە سەرچاوەی هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی وزەی ناوچەکە. هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە بەرپرسیارەتیی خۆی هەڵبگرێت و ڕێگری لەوە بکات کە خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر دراوسێکانی بەکار بهێنرێت.
لە بەرامبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق ئەم هێرشانەی بە "پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی" وەسف کرد و پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی بۆمبارانەکاندا لە پارێزگاکانی نەینەوا، واست و بەسره، ژمارەیەک لە ئەندامانیان کوژراون و بریندار بوون، و زیانی گەورەی ماددییش کەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە، تاران هەموو پەیوەندییەکی بەو کردە سەربازییانەوە ڕەتکردەوە و بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێرانی ڕایگەیاند کە تۆمەتبارکردنی ئێران بەو هێرشانە تەنها هەڵەیەکی حساباتی سیاسی و سەربازییە.