شرۆڤەیەك: عێراقی پاش ٣٠ی ئەیلول لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی جومگەیی و سێ سیناریۆدایە
  2026-08-12       71       

خانەی هزریی كوردستان لە نوێترین پەیپەری سیاسیی خۆیدا، وێنەیەکی شیکاریی بۆ قۆناغی پاش ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ و لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بڵاوکردەوە. پەیپەرەکە کە لەلایەن توێژەری ئەكادیمی "د. یاسین تەها" ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق تەنیا لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سەربازیدا نییە، بەڵکو لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی جەنجاڵدایە کە تێیدا چەمکی "دەوڵەت" ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی جومگەیی دەبێتەوە.

٣٠ی ئەیلول؛ وادەی تاقیکردنەوەی ئیرادەکان

بەپێی شیکارییەکە، وادەی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازیی بیانی، تەنیا کۆتاییهاتنی ئامادەیی سەرباز نییە، بەڵکو سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی حکومەتی بەغدایە لەگەڵ "بۆشاییەکی جیۆپۆلیتیکی" مەترسیدار. پەیپەرەکە هۆشداری دەدات ئەگەر حکومەت نەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، ئەوا "ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان" و گرووپە چەکدارەکان عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی ناسەقامگیری و پاشاگەردانی دەبەن.

"شانە سێبەرەکان"؛ هەڕەشەیەکی نوێ لە دەرەوەی کۆنترۆڵ

پەیپەرەکە پۆلێنێکی وردی بۆ گرووپە چەکدارەکانی شیعە کردووە و تیشک دەخاتە سەر مەترسیی "شانە نادیارەکان". ئەم شانانە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن تارانەوە ئاراستە دەکرێن، لە دەرەوەی پەیکەرە و کۆنترۆڵی فەرمیی دەوڵەتن. ئەرکی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا، تەنانەت ئەگەر ئەمە عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوەی تووندیش بکاتەوە.

هاوکێشەی هەرێمایەتی؛ "سێگۆشەی مەککە" و پەراوێزخرانی عێراق

بەشێکی تری پەیپەرەكە تەرخانكراوە بۆ گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان و واژۆکردنی «ڕێککەوتننامەی مەککە» لە نێوان (سعودییە، تورکیا و پاکستان). ئەم هاوپەیمانییە نوێیە گەمارۆیەکی سیاسیی خستووەتە سەر ئەو جەمسەرانەی ئێران ڕابەرایەتییان دەکات. لە بەرامبەردا، واشنتۆن هەوڵدەدات لە ڕێگەی پڕۆژەی وزە و "بۆری نەوتی نوێ"وە، عێراق بە سووریا و تورکیاوە ببەستێتەوە، تاوەکو کارتی فشارەکانی ئێران (وەک گەرووی هورمز) بێبایەخ بکات و عێراق لە خولگەی تاران دوور بخاتەوە.

ستراتیژیی حکومەت؛ پەنابردن بۆ "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"

لە پەیپەرەکەیدا باس لە ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت: بەغداد بڕیاری داوە لە دوای ٣٠ی ئەیلولەوە، پرسی چەک لە "دانوستانی سیاسی"یەوە بگۆڕێت بۆ "ئیستحقاقێکی یاسایی". حکومەت دەیەوێت هەر چەکێکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بەپێی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەمەش وەک هەوڵێکی کۆتایی بۆ سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت و "قۆرخکردنی چەک".

سێ سیناریۆ بۆ داهاتوو

پەیپەرەکە داهاتووی عێراق لە سێ سیناریۆی سەرەکیدا دەبینێتەوە:

سڕکردنی چالاکییەکان: کە تێیدا تاران بۆ پاراستنی قەوارەی حەشد، گرووپەکان ئارام دەکاتەوە.

بەریەککەوتنی سنوردار: پێکدادانی دەوڵەت و هەندێک لە گرووپە "سەرکەش و ڕادیکاڵەکان".

سپیکردنەوەی چەک: تێکەڵکردنی چەکدارەکان لە ناو سوپا و پۆلیس و حەشد بە ناسنامەی نوێوە، لە کاتێکدا هەژموونە ڕاستەقینەکەیان لە پشت پەردە دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، پەیپەرەکەی "خانەی هزریی كوردستان"، جەخت دەکاتەوە کە داهاتووی عێراق بەندە بە توانای بەغداد لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان واشنتۆن و تاران، و سەپاندنی زمانی یاسا بەسەر زمانی چەکدا، ئەگەرنا وڵات بەرەو "قۆناغێكی پڕ لە ئاڵۆزی" و هەژانێکی نوێ هەنگاو دەنێت.  

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یپه‌ره‌كه‌ لێره‌ كلیك بكه‌

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×