ده‌سته‌ی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، له ئاگادارییه‌گدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای "کۆڕەک تێلیکۆم" داوایان لێده‌كات رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان لە پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرنەبەر، پێش ئەوەی وەرگرتنی كودی دڵنیایی له‌ڕێگه‌ی كورته‌نامه له‌سه‌ر ژماره‌كانی كۆڕه تیلیكۆم بوه‌ستێت.
ئاوێنه: دەستەی ڕاگەیاندن و گه‌یاندنی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له ئاگادارییه‌كدا بۆ بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگه‌یاند، ئەوانەی ژمارەکانیان بەکاردێنن بۆ پشتڕاستکردنەوە یان چونەژورەوەی ئەپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە جیاوازەکان، ڕێکاری خۆپارێزی پێویست بگرنە بەر بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی دەستگەیشتنیان بە هه‌ژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان.
ده‌سته‌كه رێنمایی به‌كارهێنه‌رانی سیمكارتی كۆڕه تیلیكۆمی كردوه، لەو ئەپ و پلاتفۆرمانەی کە ڕێگە دەدەن زیاتر لە ژمارەیەکی مۆبایل تۆمار بکرێت، ژمارەیەکی سەر بە یەکێک لە کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکانی تری مۆبایل لە عێراق له‌پاڵ ژمارەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم زیاد بكه‌ن بیكه‌نه ژماره‌ی سه‌ره‌كی بۆ وەرگرتنی کۆدی پشتڕاستکردنەوە و پەیامەکانی پەسەندکردن و گەڕاندنەوەی هه‌ژماره‌كانیان.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لەو ئەپ و پلاتفۆرمانەی کە ڕێگە نادەن زیاتر لە ژمارەیەکی مۆبایل زیاد بکرێت، تازەکردنەوەی ژمارەی مۆبایلی بەکارهاتو بۆ مەبەستەکانی پشتڕاستکردنەوە، پەسەندکردن و گەڕاندنەوەی هه‌ژمار بۆ ژمارەیەکی سەر بە یەکێک لە کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکانی مۆبایل به‌كاربهێنرێت كه بریتین له ئاسیاسێڵ، زێن عێراق، لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەی کۆڕەک و دەستبەردارنەبونی تا ئەو شوێنەی کە ڕێگەپێدراو بێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، رێگه‌كانی پەسەندکردن و گەڕاندنەوەی جێگرەوە چالاكبكرێت کە ئەپ و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دابینی دەکەن، وەک ئیمەیڵ یان ئەپەکانی پەسەندکردن (Authenticator apps) یان ڕێگاکانی تری بەردەست، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کورتەنامه‌ی ئاسایی (SMS) بۆ دەستگەیشتن بە هه‌ژماره‌كان.
هه‌روه‌ك داواشی له به‌كارهێنه‌رانی سیمكارتی كۆمپانیاكه كردوه، چاوه‌ڕی نه‌كه‌ن تا کاتی وەستانی كورته‌نامه‌كان و ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێکارانە لە نزیکترین کاتدا، بۆ دورکەوتنەوە لە نەمانی توانای چونەژورەوە بۆ هه‌ژماره‌كان یان گەڕاندنەوەیان لە داهاتودا.
هه‌روه‌ك داواشی لێكردون دڵنیاببنه‌وه لە سەرکەوتنی زیادکردنی ژمارەی هاوشان یان تازەکردنەوەی ڕێگای پەسەندکردن لە سەرجەم هه‌ژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە گرنگەکاندا له‌گه‌ڵ دڵنیابونەوە لە توانای بەکارهێنانیان بەشێوه‌یه‌كی كرداری لە پرۆسەکانی پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هه‌ژماردا.
دەستەی ڕاگەیاندن و گه‌یاندنی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وتویه‌تی، ئەم ڕێکارە خۆپارێزییانە بە مانای داواکردن لە بەکارهێنەران نایەت بۆ دەستبەرداربون لە ژمارەکانی ئێستایان یان هەڵوەشاندنەوەیان، بەڵکو ئامانجی دابینکردنی ڕێگای جێگرەوە و ئارامە بۆ دەستگەیشتن بە هه‌ژماره دیجیتاڵییەکانیان و پاراستنی زانیاری و مافەکانیان لەو کاریگەرییانەی کە لەوانەیە بکەونەوە لە ئەنجامی وەستانی وەرگرتنی کورتە نامه‌كانی پشتڕاستکردنەوە و پەسەندکردن.