سیپان حەمۆ (فەرماندە سەمیر ئوسو)، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی خۆرهەڵات و فەرماندەی ناوچەی ڕۆژهەڵات، تەواوی ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە کە بە ناوی ئەوەوە لە ڕۆژنامەی "Türkiye"ی تورکی بڵاوکراونەتەوە و جەخت دەکاتەوە هەر لێدوانێک بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار نەکرابێت، بە فەرمی و باوەڕپێکراو هەژمار ناکرێت.
ئاوێنە: فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد کە بە شێوەیەکی کەسی پەیوەندی بە فەرماندە سیپان حەمۆوە کردووە دەربارەی ئەو هەواڵانەی ڕۆژنامە تورکییەکە لەسەر ڕۆڵی ئیسرائیل و پرۆسەی تێکەڵاوبوونی نێوان هەسەدە و دەوڵەتی سووریا بڵاوی کردوونەتەوە. شامی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو بە تەواوی ئەو لێدوانانەی بە ناوی ئەوەوە خراونەتە ڕوو بە ناڕاست وەسف کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە هیچ لێدوان یان هەڵوێستێکی لەو شێوەیەی دەرنەبڕیوە.
سیپان حەمۆ لە پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و ڕایگەیاندووە؛ بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لێدوانانە لەم قۆناغە تایبەت و هەستیارەی ناوچەکەدا بە ڕێکەوت نییە، بەڵکو ڕۆژنامەکە بە ئەنقەست کاری لەسەر کردووە. لە هەمان کاتدا هۆشداری داوە کە لەمەودوا هەر لێدوانێک بە ناوی ئەوەوە بڵاوبکرێتەوە، ئەگەر بە بەڵگەی دەنگ و ڕەنگ نەبێت، ناکرێت وەکو هەڵوێستی فەرمی و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی "تورکی" (Türkiye) پێشتر بڵاویکردبووەوە گوایە سیپان حەمۆ ڕایگەیاندووە: "پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریادا ئیسرائیلی نیگەران کردووە، و هێزەکانی سەر بە ئیسرائیل دەیانەوێت کێشە بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست بکەن، هەروەها ئەو لایەنانەی دەیانویست کورد وەک هێزێکی سەربازی بەکاربهێنن و پیلانی دیکەیان هەبوو، لە پلانەکانیاندا تووشی شکست بوون."