لە پەیامێکدا کە لە زیندانی ئیمراڵییەوە ئاراستەی کۆنفرانسی ژنۆلۆژی کراوە، عەبدوڵا ئۆجەلان تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مێژوویی و داهاتووی ژنان لە قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگادا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ خەبات و هزری ژنان دووپات دەکاتەوە.
ئاوێنە: لە سەرەتای پەیامەکەدا هاتووە کە پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵایەتی بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت. ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە نیوەی ئەو هەنگاوە گرنگانەی تا ئێستا بەدەستهاتوون، ڕاستەوخۆ بەرهەمی ڕەنج، بەرخودان و عەقڵی ژنان بوون، و پێشبینیش دەکات لە داهاتوودا ئەو ڕۆڵە هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت زانستی "ژنۆلۆژی" بەردەوام بێت لە ڕۆڵی خۆی وەک زەمینەی زانستی و ئایدۆلۆژیی بۆ ئەم پێشەنگایەتییەی ژنان لە کۆمەڵگادا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی هاودەنگی و پشتیوانی بۆ بەشداربووان دەنێرێت و دەڵێت لە هەر ساتێکدا پێویستیان پێی بێت، لەگەڵیاندا دەبێت و بەردەوام دەبێت لە بیرکردنەوە و بەرهەمهێنان لەپاڵیاندا. ئەو هۆکاری ئەم تێڕوانینەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە لای ئەو، مانای ڕاستەقینەی ژیان لە "ئازادانە ژیانی ژندا" بەرجەستە دەبێت.
سەبارەت بە ئامانج و کارەکانی کۆنفرانسەکە، ئۆجەلان داوا دەکات کە هەروەک چۆن باس لە ڕابردووی ژنۆلۆژی دەکرێت، بە هەمان شێوەش گرنگییەکی زۆر بە داهاتووی ئەو بوارە بدرێت. هەروەها هیوای خواستووە کۆنفرانسەکە بتوانێت بەشێوەیەکی دروست و ڕاستەقینە پێناسەی بوونی ژن بکات و ئاستی هۆشیاری و زانینی پەیوەست بە ژیانی ئازاد فراوانتر بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کە بە دەربڕینی "حەسرەت و خۆشەویستییەکی بێپایان" لە ئیمراڵییەوە واژۆ کراوە، ئۆجەلان متمانەی تەواوی خۆی بە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ڕاگەیاندووە. ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هێزی گفتوگۆکانی ناو کۆنفرانسەکە، ئەو پرۆژە نیوەچڵەی کە هەیبووە تەواو دەکرێت، و وەبیریشی هێناونەتەوە کە لە ڕووی فکری و مەعنەوییەوە هەمیشە لەگەڵیاندا دەبێت.