مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
  2026-11-08     

گۆڤاری فیکریی (کۆمینال) لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا، تیشکی خستووەتەسەر کۆمەڵێک تێڕوانین و ڕوانگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەبارەت بە داهاتووی پرسی کورد لە هەچار پارچەی کوردستاندا. لەم ڕوانگەیەدا هاتووە کە بەهۆی جیاوازییە قووڵە کولتووری، مێژوویی و سیاسییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە، مەحاڵە تەنها یەک مۆدێلی یەکدواپێداو بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم پارچەکان پیادە بکرێت.

باشوری کوردستان؛ داڕشتنەوەی هەرێم لە کەرکوکەوە تا شنگال

ئاوێنە: لەو بەشەی پەیوەندیدارە بە باشوری کوردستانەوە، ئۆجەلان پێشنیازی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لە پێکهاتەی حوکمڕانیی ئێستادا دەکات و سیستەمی فیدراڵی بە گونجاوترین بژاردە دەزانێت، بەڵام بەو مەرجەی خودی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیی نوێ بنیادبنرێتەوە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت پێکهاتەی نوێی هەرێم، سەرجەم ناوچە دابڕێنراو و جێناکۆکەکان، لەوانە (شنگال، موسڵ، کەرکوک و خانەقین) لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو سیستمە دیموکراتییە.

ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان؛ فیدراڵییەتی ئێران و پاراستنی دەستوریی سوریا

سەبارەت بە دۆخی کورد لە پارچەکانی دیکەدا، لێکدانەوەکان ئاراستەی گۆڕانی فۆرمی دەوڵەتەکان دەکەن:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: بە کورتییەک لەوەی تاران تا ئێستا بە فەرمی دان بە مافە سیاسییەکانی کورددا نانێت، پێشنیاز دەکرێت کە مۆدێلێکی فیدراڵی لەسەر بنەمای «ئینتیگراسیۆنی دیموکراتی» لە ئێراندا جێبەجێ بکرێت، کە دەتوانێت ببێتە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی گشت پێکهاتە و گەلانی ئەو وڵاتە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان: ئۆجەلان پێیوابووە کە پاراستنی کۆمەڵگەی خۆجێی و چەسپاندنی مافەکان لەناو دەستووری دەوڵەتدا، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ و داهێنەرانە لە نێوان کورد و دەوڵەتی سوریادا.

پاشخانی مێژوویی و تێپەڕاندنی دابەشبوونەکە

لە کۆتایی تێڕوانینەکاندا، پرسەکە دەبەسترێتەوە بە ڕەهەندە مێژووییەکانەوە؛ بەتایبەت پەیماننامەی قەسری شیرین (زەهاو) لە ساڵی ١٦٣٩دا، کە تێیدا بۆ یەکەمجار خاکی کوردستان لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانیدا دابەش کرا. لەم ڕوانگەیەوە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە تێپەڕاندنی ئەم دابەشبوونە مێژووییە، پێویستی بە تێگەیشتنێکی واقیعیانە هەیە بۆ تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی هەر پارچەیەکی کوردستان بە تەنها.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×