دەستەی دەستپاکی دۆسیەیەکی بەهەدەردانی ١٨ ملیار دینار لە فرۆشتنی ٤٠٠ دۆنم زەوی لە ئەنبار ئاشکرا دەکات
  2026-11-08     

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە دۆسیەیەکی تایبەت بە فرۆشتنی زەوییەکی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی خەمڵاندنی ناتەواو و فرۆشتنی زەوییەک بە ڕووبەری ٤٠٠ دۆنم بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی بازاڕ، بڕی زیاتر لە ١٨ ملیار دینار زیان بەر سەرمایەی گشتی کەوتووە.

​ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکاندا بۆ دۆسیەکانی پەیوەست بە موڵک و ماڵی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار، تیمی کاری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لەو پارێزگایە هەڵمەتێکی گەڕان، وردبینی و کۆکردنەوەی زانیاریی مەیدانیی ئەنجامداوە. لێکۆڵینەوەکان هەریەک لە فەرمانگەی موڵکەکانی دەوڵەت، دەستەی گشتیی باج، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانوبەرە (تاپۆ) و بەڕێوەبەرایەتیی هێڵکاریی شارستانیی لە ئەنبار گرتووەتەوە.

​لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە تیمی لێکۆڵینەوە چەندین سەرپێچیی یاسایی و کارگێڕییان لە پرۆسەی خەمڵاندن و فرۆشتنی زەوییەکە بە شێوازی زیادکردنی ئاشکرا تۆمار کردووە، کە پێچەوانەی بڕگەکانی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی ماڵی دەوڵەت ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠١٣ و ڕێنماییە بەرکارەکانی تایبەت بە خەمڵاندنی زەوییەکان بووە.

​سەبارەت بە جیاوازیی نرخەکان، دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە داوە کە لە مامەڵە فەرمییەکەدا نرخی یەک دۆنم لەو زەوییە تەنها بە ٧ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینار خەمڵێندراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی پێوەر و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، دەبوو نرخی هەر دۆنمێک بە لانیکەم ٢٨ ملیۆن دینار دیاری بکرایە، هەرچەندە ئەو نرخە فەرمییەش هێشتا لە خوار نرخی ڕاستەقینەی بازاڕەوەیە.

​بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەهای بازاڕی زەوییەکە، تیمەکانی لێکۆڵینەوە بەدواداچوونی مەیدانییان لە ژمارەیەک نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە شاری ڕومادی ئەنجامداوە. دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە نرخی ڕاستەقینەی زەویی هاوشێوە لەو سنوورەدا لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ملیۆن دینارە بۆ هەر دۆنمێک، بەم پێیەش کۆی گشتیی بەهای خەمڵێندراوی زەوییە ٤٠٠ دۆنمییەکە لە بازاڕدا دەگاتە نزیکەی ٢٠ ملیار دینار.

​لە کۆتایی خەمڵاندنە داراییەکاندا دەرکەوتووە کە جیاوازیی نێوان بەهای ڕاستەقینەی بازاڕ و ئەو نرخەی زەوییەکەی پێ فرۆشراوە، دەگاتە ١٨ ملیار و ٤٣٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار، کە لە ڕاپۆرتی دەستەکەدا وەک قەبارەی بەهەدەردانی سەرمایەی گشتی لەم دۆسیەیەدا هەژمار کراوە.

​ئاشکراکردنی ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاندبوو کە ڕێکارەکانی فرۆشتنی پارچە زەوییەکی دیکەی بە ڕووبەری ٨٧٢ دۆنم لە هەمان پارێزگا ڕاگرتووە، کە بەهۆیەوە ڕێگری لە بەهەدەردانی بڕی ٥٧ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینار لە سامانی گشتی کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×