داماڵینی چەک لەحەشد تا ئێستا بێ ئەنجامە
  2026-11-12     

ئاو: ئاوێنە

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و بەدر بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کۆبۆوە، بەڵام گفتوگۆکانیان لەبارەی چک دامڵینی گروپە چەکدارەکان بێ ئەنجام بوو.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکەی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و بەدر زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند لەبەغدا، کە هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و فالح ئەلفیەزی سەرۆکی هێزەکانی حەشدو عەبدولعەزیز محەممەداوی سەرۆکی ئەرکانی حەشد کە بە ئەبو فەداک ناسراوە، بەشدارییان کرد.

ئەو سەرچاوەیە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ لیواکانی حەشد کراوە لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ناکۆکیەکان سەبارەت بەوەی چەک تەنها لەلایەن حکومەتەوە قۆرخ بکرێت.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە میانی دیدارەکەدا زەیدی جەختی لەسەر پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسان و گروپەکانی دەرەوەی یاسا بە پشتبەستن بە یاساکانی ئێستای عێراق کردووە. لەبەرامبەردا عامری و فەیاز پێشنیاریان کرد کە دەرفەت بدرێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی دۆخەکەیان یەکلایی بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکەن بۆ چارەسەری دۆسیەی چەک.

بەگوێرەی ئەم پێشنیازە، پێویستە چالاکییەکانی لیژنەی چوارقۆڵی بەرپرس لە دانوستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەردەوام بێت تا دەگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیەکان و چارەسەرکردنی پرسی چەک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی.

کۆبوونەوەکە دوای چەند ڕۆژێک هات لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ بڕیار بوو ئێوارەی دووشەممە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ لیواکانی حەشد هەڵوەشایەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دانوستانەکان هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندبوو کە بەشێک لە لایەنەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێباز و هەڵوێستە توندڕەوەکانی زەیدی بەرامبەر بەلیواکانی حزبوڵڵا ڕازی نین و نیگەرانن لەوەی بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەت لەگەڵ ئەم گروپە دەبێتە هۆی ئەوەی گروپە چەکدارەکانی دیکە هاودەنگی لەگەڵیدا ڕابگەیەنن و دەبێتە هۆی شکستی دانوستانەکان.

ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و لیواکانی حزبوڵڵا لەسەر پرسە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توندتر بووە، هاوکات لەگەڵ مشتومڕی میدیایی و کاراکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کە لە دژی ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بەو گروپە دەرچووە.

ئەم ناکۆکییانە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانیش پەرەی سەندووە. که بەشێک لەئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی له نێویاندا هادی عامری دژی ئه وه بووە زەیدی بەجیا لەگەڵ ئەو گروپانە کۆبێتەوە کە دژ بەرادەستکردنی چەکەکانیانن، ئەم ئەندامانە نیگەران بوون لەوەی ئەم جۆرە کارانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی دانوستانەکان دەبێت.

دوابەدوای ئەو پێشهاتانە، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانی و هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، دەستیان بە پەیوەندی و نێوەندگیری کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی نێوان حکومەت و لیواکانی حزبوڵڵا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ناکۆکییە سیاسی و میدیاییەکان تا نەگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانی.

پرسی قۆرخکاریی حکومەت لەسەر چەک یەکێکە لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی زەیدی، بەو پێیەی گروپە چەکدارەکان لەوانە لیواکانی حزبوڵڵاو بزووتنەوەی نوجەبا و لیواکانی سەید شوهادە پێداگرن لەسەر پاراستنی توانا سەربازییەکانیان تا ئەو کاتەی سەروەری تەواوی عێراق جێبەجێ دەکرێت، هاوکات حکومەت جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی چەک دەکاتەوە لە دەرەوەی دامودەزگا فەرمییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×