ئاسایشی عێراق: لێدوانه‌كه‌ی باسم به‌دری‌ له‌سه‌ر تێوه‌گلانی لایه‌نی كوردی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرمۆر نمونه‌ی گریمانه‌یی بوه‌
  2026-11-12     

ده‌زگای ئاسایشی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لێدوانه‌كه‌ی باسم به‌دری، سه‌رۆكی ده‌زگاكه‌ له‌سه‌ر تێوه‌گلانی لایه‌نی كوردی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرمۆر له‌چوارچێوه‌ی خستنه‌ڕوی نمونه‌ی گریمانه‌ییدا بوه‌ بۆ رونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە بەس نین بۆ یەکلاکردنەوەی ناسنامەی لایەنی جێبەجێکارو گوزارشت لە تۆمەتبارکردن یان دەرەنجامێک ناكه‌ن کە پشتی بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەستبێت.

ئاوێنه‌: ئەرشەد حاکم، وتەبێژی ره‌سمی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، لە ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا وتی "لە چوارچێوەی پەرۆشیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ ده‌قیقی ئەو زانیارییانەی پەیوەستن بە پرسە ئەمنییەکانەوە و پاراستنی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان لە دەرەنجامە بێبەڵگەکان، قسەکانی باسم بەدری، سەرۆکی دەزگاکە، سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چوارچێوەی جەختکردنەوەدا بو لەسەر ئەوەی کە دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی ڕوداوە ئەمنییەکان تەنها پشت بە بەڵگە و ئەنجامی لێکۆڵینەوە تایبەتمەندەکان دەبەستێت، نەک ئەو گێڕانەوە و خەمڵاندنە میدیاییانەی کە بڵاودەکرێنەوە."

وتیشی: "لێدوانەکەی سەرۆکی دەزگاکە لە میانی دانیشتنێکی گفتوگۆئامێزدا بو کە پەیمانگای (چاتام هاوس) لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا میوانداریی کردبو، وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری یەکێک لە میدیاکاران سەبارەت بەوەی کە لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە لەبارەی سەرچاوەی هەڵدانی ئەو درۆنانەی کە کێڵگەی کۆرمۆریان کردە ئامانج." ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ئاماژەدان بە ئەگەری تێوەگلانی لایەنێکی کوردی یان لایەنێکی دەرەکی لە چوارچێوەی هێنانەوەی نمونەی گریمانەییدا هاتوە بۆ ڕونکردنەوەی ئەوەی کە ئەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە بەس نین بۆ یەکلاکردنەوەی ناسنامەی لایەنی جێبەجێکار و گوزارشت لە تۆمەتبارکردن یان دەرەنجامێک ناکات کە پشتی بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەستبێت."

باسم بەدری، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشیمانی عێراق لەمیانی بەشداریكردنی  له‌ كۆنفرانسی "چاتام هاوس" لە لەندەن، لەبارەی هێرشەكەی ئەم دواییەی سەر كۆرمۆر رایگەیاند، ئەم هێرشە بە تەواوی جیاوازە لەوانەی رابردو، هەموان دەزانن ئێستا قەیرانێك هەیە لەناو هەرێمی كوردستان لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ناكرێت پشت بە زانیاری میدیای ببه‌ستین لە پرسێكی لەم شێوەیەدا پێویستمان بە زانیاری ئەمنی و هەواڵگری هەیە.

وتیشی، ناتوانین هیچ لایەنێك بە ئەنجامدانی تۆمەتباربكەین، منیش بە سادەیی دەتوانم بڵێم رەنگە لایەنێكی كوردی ئەو هێرشەی ئەنجامدابێت، بۆیه‌ ناتوانین بڵێین لایەنێك لە گروپە چەكدارەكان ئەنجامیانداوە یان یان لایەنێكی دەرەكی، دەبێت وریابین لەم بابەتەدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×