شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق، داوا دەكات لە دوای جەژنیش قەدەغەكردنی هاتووچۆ بسەپێنرێتەوە
  2020-05-25       314       
شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق، داوا دەكاتەوە لە دوای كۆتایی پشووی جەژنیش قەدەغەكردنی هاتووچۆ بسەپێنرێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا.

ئاوێنه‌: عەلی لامی ئەندامی لیژنەی شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ”شانەی قەیرانی پەرلەمان داوای سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتگیر دەكات لە دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆڵی شانەی قەیران ڕاپەڕاندن نییەن بەڵكو تەنیا چاودێری و بەدواداچوونە بۆ ئەو ڕێكارانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەگیرێنەبەر”.

بە وتەی لامی”شانەی قەیرانی پەرلەمان بەداداچوون بۆ ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەكات، هۆشداریش دەدات لە هەڵكشانی مەترسی نەخۆشییەكە بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ڕێكارەكانی قەدەغەكردنی هاتووچۆ”.

ئەو ئەندامەی شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق پێیوایە”وڵات ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە و ژمارەی زیاتر تۆماردەكات، گەر هاووڵاتیان پابەندنەبن بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی”، داواشی لە حكومەت كرد”ڕێوشوێنی توند دژ بە سەرپێچیكاران بگرێتەبەر”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تائێستا، 4469 حاڵەتی توشبوونی تۆماركردووە و كۆی گشتی ئەوانەی بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 160 كەس و 2738 كەسیش نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×