400 ملیارەكەی بەغدا قەرزەكانی حكومەتی پێدەدرێتەوە
  2020-05-30       1240       

كەناڵی كوردستان24، نزیك لە مەسرور بارزانی، بڵاویكردەوە كە ئەو 400 ملیار دینارەی لە لایەن بەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە دەدرێتەوە بەو قەرزانەدا كە حكومەتی بۆ دابینكردنی موچەی پێش جەژن كردونی.

ئاوێنە: كەناڵەكە ئەمڕۆ شەممە، لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، لەو 400 ملیار دینارەی بڕیاربو لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق بگاتە حکومەتی هەرێم تەنیا 388 ملیاری گەیشتوەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چونکە هەمو جارێک لەو پارەیەی بەغدا بۆ موچە دەینێرێت، بانکی ناوەندی عێراق بڕی 12 ملیار دیناری لەو پارەیەی هەرێم داوە بە بانکە ئەهلییەکانی هەرێم لە بری قەرزەکانی کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێم کە لە بانکە ئەهلییەکان وەری گرتبو.

ئەوەشی خستۆتەڕو: بۆ موچەی پێش جەژن، حکومەتی هەرێم بڕی 138 ملیۆن دۆلاری لە کۆمەڵێک وەبەرهێنەری ناوخۆ بە قەرز وەرگرتوە کە حکومەت پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بۆیان بگەڕێنێتەوە.

هەر بەگوێرەی كەناڵەكە حکومەتی هەرێم 150 ملیۆن دۆلاریشی وەکو پارەی فرۆشتنی پێشوەختە، لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگرتبو، لەگەڵ ئەو داهاتەی لە بەردەستدابوە، موچەی پێش جەژنی پێدراوە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×