2020-07-04   672     
ئەمڕۆ شەممە 4ی تهمموزی 2020، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر كۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی رێكارەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی ھاتوچۆ دەدرێت.
ئاوێنه: بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند سیناریۆیەك ھەن، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە كە قەدەغەی ھاتوچۆ بە رۆژ ھەڵگیرێت و چەند كاتژمێرێكی شەوان پەیڕەو بكرێت.
ئهوهش زانراوه، بڕیار لەوە دەدرێت، ئەو شوێنانە بە داخراوی بمێننەوە كە ھاووڵاتیان زۆر لێی كۆدەبنەوە و قەرەباڵغی دروست دەكەن، بەتایبەت بازاڕە میللیەكان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل.
یەكێكی دیكە لەو سیناریۆیانەی بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت، رێكاری نوێ بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتییان لەنێوان ھەولێر و پارێزگاكانی دیكە دادەنرێت.
ھەروەھا لیژنەكانی چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بەردەوام دەبن لە چاودێری بۆ ئەوەی ھاوڵاتی و كاسبكاران پابەندبن بە رێكار و رێنماییە تەندروستییەكان.
بەھۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ھۆشداری وەزارەتی تەندروستی ھەفتەی رابردوو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بڕیاریدا لە 30ی حوزهیرانی 2020 تا 4ی تهمموزی 2020، ھاتوچۆ قەدەغە بكرێت.