لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەست بەسەر پاسپۆرتی 25 خوێندکاری کورددا دەگیرێت
  2020-08-03       925       

مانگێک و 10 ڕۆژە، لە فڕۆکەخانەی بەغدا، پاسپۆرت لە 25 خوێندکاری کوردی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراوە، بەڵام سەرباری ئاگادارکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم، تا ئێستا پاسپۆرتەکانیان بۆ نەگێڕدراوەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، ئەو خوێندکارانەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پاسپۆرتەکانیان لێ وەرگیراوە، هەمویان لە وڵاتی مالیزیا دەخوێنن و بڕیاربوە دوای 14 ڕۆژ، پاسپۆرتەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بۆیان نەگێڕدراوەتەوە.

هیوا ڕەشید، یەکێک لەو خوێندکارانەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پاسپۆرتەکەی لێوەرگیراوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە ڕۆژی 28 حوزەیران لە مالیزیاوە بۆ بەغدا گەڕاینەوە، لە فڕۆکەخانەی بەغدا، پاسپۆرتەکانمان لێوەرگیرا، هەر خوێندکارێک بڕی سێسەد دۆلاریشمان لێسەندرا، بڕیاربو 14 ڕۆژ لە ئۆتێل لەسەر حسابی خۆمان کەرەنتین بکرێین."

هیوا ڕەشید وتیشی"تا ئێستا پاسپۆرتەکانمان بۆ نەگێڕدراوەتەوە، لە ئۆتێلیش کەرەنتینە نەکراوین و 300 دۆلارەکەشمان نەدراوەتەوە، لەکاتێکدا هاوڕێ خوێندکارە عەرەبەکانمان، پاسپۆرتەکانیان پێدراوەتەوە، حکومەتی هەرێمیش ئاگادارەو تائێستا ئیشەکەی چارەسەر نەکردوین."

لەکاتی بڵاوبونەوەی کۆرۆنادا لە عێراق و وڵاتانی جیهان، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری عێراقی لە وڵاتانی جیهان گیریان خواردبو، دواتر ژمارەیەکی زۆر لەو خوێندکارانە بەفڕۆکەی تایبەت هێنرانەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو خوێندکاریش، هەر لەو وڵاتانە مانەوە کە لێی دەخوێنن.

هیوا ڕەشید، ئەوەشی خستەڕو"پاسپۆرتەکانمان لەبەغدا دەستی بەسەردا گیراوە، لەکاتێکدا گەر فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مالیزیا بۆ درێژەدان بەخوێندن."

بەپێی بەدواداچونەکانی دەنگی ئەمەریکا، پاسپۆرتی ئەو خوێندکارە کوردانە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و مانەوەی بەغدایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×