پەرلەمانتارێكی یەكێتی: حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك پێویست وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان ناداته‌وه
  2020-09-18       432       

كاروان گه‌زنه‌یی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان پێی وایە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لە ئاستی داخوازی پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانیشدا نەبوە، چونكە نەیتوانیوە بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت بەڵام ئەو گرفتە بەشێكی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە كە بەقسەی ئەو وەك پێویست وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران ناداتەوەو وەڵامەكان زۆر دوادەخات.

ئاوێنە: كاروان گەزنەیی، بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە كە یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان پەسەندكردنی بودجەیەو ئاماژەی بەوەداوە كە لە ساڵی 2013ەوە تاوەكو ئێستا بودجەی هەرێمی كوردستان نەهاتۆتە پەرلەمان و خۆیشی وەك ئەندامێكی پەرلەمان چه‌ندان جار یاداشتی داوه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئەو بابەتە.

وتوشیەتی"پرساندنیشم ئاراسته‌ی وه‌زیری دارایی كردوه‌ هه‌م له‌سه‌ر بودجه‌، پاشه‌كه‌وتی موچه،‌ دواكه‌وتنی موچه‌ و له‌سه‌ر ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد. ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك پرسی سه‌ره‌كی بون به‌لامانه‌وه‌ چونكه‌ ئەمە ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی په‌رله‌مانه‌ كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مان پیاده‌ی بكات."

گه‌زنه‌یی ئاماژه‌ی بۆ ئەوەکرد له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا نه‌یانتوانیوه‌ یاسای "باش" ده‌ربكه‌ن. ئەوەش بەبڕوای ئەو  به‌شێكی په‌یوه‌سته‌ به‌م په‌یڕه‌وه‌ی كه‌ ئێستا لە پەرلەمان هەیەو وتوشیەتی"له‌په‌یڕه‌ودا گرنگی زیاتر دراوه‌ به‌پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و فراكسیۆنانه‌ی زۆرینه‌یان هه‌یه‌ له‌ناو په‌رله‌مان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكەن كه ‌پرۆژه‌كان له‌حكومه‌ته‌وه‌ بێن ئەمەش‌ ڕه‌نگه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئاسته‌نگی دروست كردبێت وه‌كو به‌شێك له‌كاری په‌رله‌مانی."

ئەوەشی خستۆتەڕو"له‌هه‌مان كاتیشدا بەهۆی په‌تای كۆرۆنا كه‌ هاته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێكاری خۆپارێزی پێویستی گرتەبەر، لە ئەنجام په‌رله‌مانی کوردستان ماوه‌یه‌كی زۆر دابڕا. بۆیە دەکرێت بڵێین کە بەڵێ ئەم خولەی پەرلەمان، کاری پەرلەمانی لە ئاستی داخوازی خۆمان و هاوڵاتییانیشدا نەبوە ."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "به‌دواداچون ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، من به‌ش به‌حاڵی خۆم زیاتر له‌ 250 پرسیار و یاداشتم ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ئه‌ركی چاودێریكردنی په‌رله‌مانی ڕازی نیم چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان ناداته‌وه.‌ پرسیارم له‌مانگی دو ئاراسته‌ی وەزارەتەکانی حکومەت کردوە و له‌مانگی حه‌وت وه‌ڵامم وه‌رگرتوەته‌وه‌، له‌مانگی یه‌ك ئاراسته‌م كردوه‌ و له‌ مانگی نۆ وه‌ڵامه‌كه‌یم وه‌رگرتوەتەوە‌. پرسیار هەبوە، وەزیر وتویەتی کە لە ڕاگەیاندنەوە وەڵامی داوەتەوە."

وتوشیەتی"ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك گرفتن كه‌ له‌چاودێریكردنی په‌رله‌مان دوچاری كێشه‌ی گه‌وره‌مان ده‌كاته‌وه‌ به‌گشتی ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌یه‌تی كه‌ به‌ڵێ حكومه‌ت ناتوانێ وه‌ڵام بداته‌وه‌و ئێمه‌ ناتوانین ئه‌ركی چاودێریكردن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ین. كه‌واته‌ گرفته‌كه‌ به‌ته‌نها له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نییه‌و بەشە گەورەکەی بەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بە جۆرێک ئەم حکومەت تەنها بە ناو وەکو حکومەت ماوەتەوە و هیچ بنەمایەکی دەوڵەتداری تێدا نەماوە. حکومەتێک نەتوانێت موچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکات، چ بەهایەکی دەمێنێتەوە بەلای هاوڵاتییانەوە؟"


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×