هێمن هەورامی: بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەتو جێگرەکەی چاوەڕێی لیژنەی یاسایی دەکەین
  2020-10-18       327       
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەڵامی پرساندنی مەسرور بارزانی و جێگرەکەی و وەزیری دارایی لە حکومەتەوە گەراوەتەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامەکەی بڵاودەکەنەوە.

هێمن هەورامی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی 11ی ئەم مانگە وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پرساندنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی گەڕاوەتەوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرساندن و وەڵامەکەی بڵاودەکەینەوە و لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا دەیخەینە بەرنامەی کارەوە.

سەبارەت بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت:" چاوەڕێی لیژنەی یاسایی دەکەین بۆئەوەی هەندێک راپۆرت لەسەر ئەو پرۆژە و پێشنیازە یاسایانە تەواو بکەن، دواتر بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان رادەگەیەنین و کاتی دانیشتنی پەرلەمان دیاریدەکەین".

سەبارەت بە سووتاندنی ئاڵای کوردستان و سووتاندنی بارەگای پارتی ئاماژەی بەوەشکرد:" حکومەتی هەرێم خۆی لەسەر ئەو بابەتە لەسەر خەتە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، بەرپەرچی هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆسەر هاووڵاتییانی عیراق بەناوی دەوڵەت و گەلەوە دەدەینەوە، بەڵام هیوادارین دەسەڵاتی هێزە میلیشیا لە یاسا دەرچوەکان زیاتر نەبێت لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق، چونکە ئەوەی کە کراوە تەنها بەرامبەر پارتی نەکراوە بەرامبەر بە هەیبەتی دەوڵەت و پێکەوەژیان بنەمکانی دەستوور و پێکەوە کارکردن کراوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×