عەلی حەمەساڵح: تا ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتییە
  2020-11-21       631       

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان "بێگومانە" لەوەی كە  حكومەتی عێراق ئامادە نییە راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و دەشڵێت: تا ئەم ساتە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق باشترین دۆستی پارتی و یەكێتییە.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، ئەمڕۆ شەممە، لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك سەبارەت بەو هەڵمەتەی هەیە كە داوادەكرێت حكومەتی عێراق راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، وتویەتی"من تەمەننام دەکرد، حکومەتی عێراق ڕاستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی ناردبا! بەڵام ئەمە تەمەننایە بە ھەست و سۆز، نەک لێکدانەوەی وردی لۆجیکی! من دەزانم زۆرێک لەڕوی دڵسۆزییەوە بیر لەم ڕێگایە دەکەنەوە، بەڵام ترسی من ئەوەیە لە بری ڕێگا دروستەکە، بەم بابەتەوە سەرقاڵ بین و ساڵی ٢٠٢١ ببێتە ساڵی بێموچەیی."

وتوشیەتی"بیرکەوە تۆ شیعەیت و بڕیاربەدەستی! ئامادەی لە داھاتی نەوتی بەسرە پارە بنێریت بۆ موچەی ھەرێم و دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم، خەریکی قاچاخی گومرگ بن و داھاتی نەوت ببەن بۆ خۆیان. بێگومان نەخێر."
هەروەها ئەوەشی وتوە"ڕەنگە بڵێیت با عێراق دەستبەسەر گومرگ و نەوت و خاڵی سنوریدا بگرێت و حکومەتی ھەرێم ھەڵوەشێتەوە بۆ ئەوەی موچە بدرێت. دڵنیابە لەوەی ھیچ کام لە حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ ئەم بژاردە نین، بڕیار بەدەستەکانی عێراقیش ھەرگیز ئەم بژاردە تاقیناکەنەوە."

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتویەتی"بۆ زانینتان زۆر جار دەوترێ دۆسیەکان بنێرن بۆ کازمی، جگە لەوەی ئاگاداری دۆسیەی ئێرەو باشوریشە، دڵنیابە تاوەکو ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتیە، نەک ھەڵوێستێکی وا؛ ئامادەنییە لێدوانکیش بدات دژی گەندەڵی بەرپرسانی ھەرێم! چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێوەربگرێت."

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح "تاوەکو ئەم ساتە کازمی تەنیا نمایش دەکات، بپرسن دوای چونی بۆ باشماخ و ئیبراھیم خەلیل چی ڕویدا؟ گەندەڵی و قاچاخی زیادی کرد."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا وتویەتی"رەنگە ھەندێک کەس بڵێن، دەی کەواتە با سلێمانی خۆی ڕاستەخۆ موچە وەربگرێت لە عێراق، دڵنیابن یەکێتی ھەرگیز ئەمە ناکات و توند دەستی بەم حکومەتەی ئێستاوە گرتوە."

سەبارەت بەوەی چارەسەر چییە، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان رێگاچارەیەكی خستۆتەڕو كە پێی وایە"بەدەر لەم ڕێگایە، بیر لە ھەر چارەسەرێک بکرێتەوە، لە ڕێگا ڕاستەکە دورمان دەخاتەوە."

لەبارەی رێگارە چارەسەرە "دروستەكە"وە، وتویەتی"ئەم مانگە یاسای بودجەی ٢٠٢١ دێتە پەرلەمانی عێراق، موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم گەرەنتی بکرێت و لەبەرامبەریشدا ھەرێم ئامادەبێت، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لێوەربگیرێت و ٥٠٪‏ داھاتە فیدڕاڵیەکان بدات. پێویستە ئەوەی لە خەمی موچەی خەڵکی کوردستانە دەنگ بەم بڕگەیە بدات."

عەلی حەمەساڵح پێی وایە "ئەمریکاو ھێزە نێودەوڵەتیەکانیش لەگەڵ ئەم بژاردەن."

هەروەها داواشی كردوە كە لەبەرامبەر ئەوەدا "ھەڵمەتێکی گەورە دژی ئەم قاچاخی گەندەڵیەی ناوخۆ بەرپابکەین."

 

ئایا عێراق ئامادەیە ڕاستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەڕێم بنێرێت و حاکمەکانی ئێرەش خەریکی قاچاخی و بردنی داھاتی نەوت بن!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×