پەیامی كونسوڵی گشتی ئەمریكا دەربارەی كوشتنی ژنەكەی كەلار
  2020-11-23       1038       

كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم سەبارەت بە كوشتنی ژنێك لەكەلار لەلایەن براكانییەوە، رایگەیاند، ئەم جۆرە كوشتنانە هیچ شتێك لەخۆناگرن جگە لە شەرمەزاری.

ئاوێنە: دوێنێ یەكشەممە پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لە كەلار، سێ برا خوشكێكی خۆیان لە ماڵەكەیدا هەڵواسیوەو خنكاندویانە. سێ براكەی ژنە كوژراوەكەو كەسێكی دیكەش لە پەیوەند بە روداوەكەوە دەستگیركراون و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، رۆب واڵەر، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم سەبارەت بەو روداوە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"من زۆر دڵتەنگ بوم بە خوێندنەوەی ھەواڵی کوشتنی تۆقێنەری ژنێک لە کەلار. ئێمە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری."

وتوشیەتی"ئەم جۆرە کوشتنانە ھیچ شتێک لەخۆناگرێت جگە لە شەرمەزاری."

رۆب واڵەر جەختیشی كردۆتەوە كە "نابێت کاری لەم جۆرە قبوڵکراو بێت لە ھەرێمی کوردستان کە شانازی دەکات بە ناوبانگییەکەی بۆ ھەمەڕەنگی و لێبوردەیی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×