ژنێک لەلایەن براکانیەوە سەربڕدرا
  2020-12-01       1275       
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاندووە، ژنێکی سنەیی تەمەن 31 ساڵ بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسێکدا لەلایەن براکانییەوە ڕۆژی 29 ی تشرینی دووەم سەربڕدراوە.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پاش ئەوەی ئەو ژنە لەلایەن پۆلیسەوە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون، لەلایەن براکانییەوە ژنەکە سەربڕدراوە،  کە خاوەنی دوو منداڵی بچوکیشە.

ژنە کوژراوەکە ناوی سەرگوڵ حەبیبیە و دوو منداڵی بچوکی هەیە و دانیشتووی گەڕەکی کەمەربەندی ٢٥ی شاری سنە بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژنە ماوەیەک لەمەوبەر، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ لاوێک لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی گەڕەکەکەوە دەستبەسەر کرابوو، بەڵام هەردووکیان پاش ڕۆژێک ئازاد کراوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، براکانی ئەو ژنە تا ئێستا دەستگیر نەکراون و پۆلیس بەهانای دۆسییەکەوە نەچووە.

بەپێی ئەو داتایانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە لە ئەمساڵدا ئەمە چوارەمین ژنە کە لەلایەن خزم و کەسوکارەکەیەوە بە بیانوی “ناموس پارێزی” کوژراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×