پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌
  2020-12-02       924       

پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند، پێداگریی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراقییداو حکومەتی ھەرێم بە کرداریی بچێتە ژێر باری رێکەوتن و رۆژانە 250 ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتەکانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستی بەغداد بکات و لە بەرانبەریشدا حکومەتی عیراقیی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت. 

ئاوێنه‌: راگەیاندراوێک لە پەرلەمانتارانی ناڕازییەوە
ئێمەی پەرلەمانتارانی نارازیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەرای پشتیوانیکردنمان لە ناڕازییە رەواکانی شەقام و بەشداریکردنی بەردەوامی نوینەرانمان لەنێو خۆپیشانداران دا بۆ هێنانەدیی مافە رەواکانیان، جەختدەکەینەوە لەسەر ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە و بەم شێوازە لە حوکمڕانیی، قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و هاونیشتمانیانیش زیاتر باجەکەی دەدەن. بۆیە پێداگریی دەکەین لەسەر گرتنەبەری ئەم هەنگاوە خێرایانە:

یەکەم/ ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراقیی دا. حکومەتی ھەرێم بە کرداریی بچێتە ژێر باری رێکەوتن و رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتەکانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستی بەغداد بکات و لە بەرانبەریشدا حکومەتی عیراقیی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت. 

دووەم/ دەستبەجێ حکومەتی هەرێم قاچاخچێتیی بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان لە خاڵە سنورییەکان دا کۆنترۆڵ بکات و ئەو بڕیارانەیشی بۆ چاکسازیی لە داھاتی خاڵە سنوریەکاندا دراون، جێبەجێبکرێن.

سێیەم/ پێداچونەوەی تەواو بە دۆسێی نەوتدا بکرێت و کۆتایی بەو گەندەڵیی و بەفیڕۆدانە بهێنرێت کە لەم دۆسێیەدا ھەیە.

هۆشداریش دەدەین، ئەگەر ئەم سێ ھەنگاوە نەگیرێنە بەر، ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، دوچاری قەیرانێکی گەورەتری ئابوریی دەبێتەوە.  

پەرلەمانتارانی ناڕازیی 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×