سەنگەسەر..لە شەڕی نێوان دو دراوسێدا، شەش كەس بریندار بون
  2020-12-02       424       

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە شەڕی نێوان دو دراوسێدا لە ناحیەی سەنگەسەری سەربە قەزای پشدەر(قەڵادزێ)، شەش كەس برینداربون كە لەلایەكیان باوكێك و دو كوڕی و كچێكی بریندار بون كە برینی دوانیان سەختەو لەسەر روداوەكەش دو كەس دەستبەسەركراون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێكدا وتی"کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناحیەی سەنگەسەر سەر بە قەزای پشدەر(قەڵادزێ) شەڕێک لەنێوان دو دراوسێ رویداوە و بەو هۆیەشەوە شەش برینداری لێکەوتۆتەوە کە لە تەڕەفێک باوکێک و دو کوڕی و کچێکی بریندارن و باوک و کچەکەش بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بەڕێکران بۆ ڕانیە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای روداوەکەش دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەکە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە پاش گەیشتنی بریندارەکان دەرکەوت کە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەی چوار بریندارەکەوە هەیە کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تا ئێستا هۆکاری روداوەکە نەزانراوەو لە ئێستاشدا هێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە کردوەو بارودۆخەکەش لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانمان دایە.

وتوشیەتی"لەسەر روداوەکەش دو کەس لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر دەستبەسەرن کراون، لێکۆڵینەوەش لەسەر ڕوداوەکە بەردەوامە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×