كاكەییەكان: 5%ی دانیشتوانی هەڵەبجەین‌و لەپۆستە ئیدارییە گرنگەكاندا هیچ پۆستێكمان نییە
  2020-12-30       1226       
کۆبونەوەی کاکەییەکان لەگوندی هاوار

ئا: ئاوێنە


كاكەییەكانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كە نایانەوێ‌ لەسەر بنەمای جیاكاریی ئایینی مامەڵەیان لەگەڵا بكرێ‌‌و لەپەرلەماندا كورسی كۆتایان هەبێت، بەڵكو خوازیارن وەك هەر هاوڵاتییەكی دیكە رەچاوی مافی هاوڵاتی بونیان بكرێ‌، كەسایەتییەكی دیاریان دەڵێت "5%ی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە پێكدەهێنین، بەلام لەپۆستە ئیدارییە گرنگەكاندا هیچ پۆستێكمان نییە".


مەنزەر عەلی، كە چالاكوان‌و كەسایەتییەكی دیاری كاكەییەكانی ناوچەی هەڵەبجەیە ئاماژە بەوە دەكات كە رەوشی كاكەییەكان لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە، لەبەرئەوەی لەڕوی جوگرافییەوە بەسەر چەند ناوچەو روبەرێكی جیاوازدا دابەش بون، هەر لەهەڵەبجەو كەلارەوە بگرە تا دەگات بەكەركوك‌و خانەقین‌و هەولێر‌و داقوق، ئەم پرژو بڵاوییە وایكردووە كە دیدو روانینییان بۆ ئاسایش‌و ئارامی سەرو ماڵا‌و ئایندەی خۆیان جیاواز بێت، ئەو وتی "بۆ نمونە دیدو تێڕوانین‌و بیركردنەوەی كاكەییەكی هەڵەبجە جیاوازە لەدیدو تێڕوانین‌و بیركردنەوەی كاكەییەكی كەركوك، كە مامەڵەیان لەگەڵا عەرەبدایەو ئێمە مامەڵەمان لەگەڵا كوردایە، ئەوان بەجۆرێك خۆیان دەگونجێنن لەگەڵا ئەو كۆمەڵگەیەو ئێمە بەجۆرێكی ترە، كاكەیی كوردو هاوزمانەو بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە لەم وڵاتەدا، لەبەرئەوەی ئەو فشارەی لەسەر كاكەیی هەیە لەشوێنەكانی تر، لەسەر ئێمە نییە لەكوردستان".


وتیشی "شوێنی سەرەكی كاكەیەیكان لەڕوی ناوەندی ئایینییەوە گوندی هاوارە لەپارێزگای هەڵەبجە، بەڵام لەڕووی ژمارەوە كاكەیی لەپارێزگای كەركوك زیاترە، لەكاتێكدا كە كاكەییەكان لەناوچە جێ‌ ناكۆكەكان كراونەتە ئامانج، بۆ نمونە لەهەڵەبجە‌و هەمو كوردستان هیچ هەڕەشەیەك لەسەر كاكەیی هەست پێناكەین‌و ترس‌و دڵەڕاوكێیان نییە لەبەرئەوەی ئێمەو كورد چارەنوسمان هاوبەشە، ئاسایش جیاوازی نەكردوە لەنێوان هیچ پێكهاتەیەكداو ئارامی بۆ پاراستنی هەموان دەستبەر كراوەو لەڕوی كۆمەڵایەتیشەوە لەگەڵا كورد پەیوەندی توندوتۆڵی ژن‌و ژنخوازیمان هەیەو زۆر تێكەڵا بوین، بەڵام لەناوچە جێ‌ ناكۆكەكان لەگەڵا عەرەب نیمانە".


مەنزەر وەك هەمو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان‌و عێراق لەوە ناڕازییە كە لەدابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكاندا وەك پێویست رەچاو نەكراون، ئەو وتی "لەڕوی سیاسی‌و ئیدارییەوە پێكهاتەكانی كوردستان بەگشتی ئەو گرفتەیان هەیە، وەك كاكەیی لەبەرئەوەی نەمانویستوە لەدەستوردا ناومان هەبێ‌‌و لەپەرلەماندا كورسی كۆتامان هەبێ‌، نامانەوێ‌ لەسەر بنەمای جیاكاریی ئایینی مامەڵەمان لەگەڵا بكرێ‌، بەڵام وەك دەبینین لەپارێزگای هەڵەبجە 5%ی دانیشتوان پێكدەهێنین بەڵام لەپۆستە ئیدارییە گرنگەكاندا هیچ پۆستێكمان نییە، لەكاتێكدا بەشداری پێكهاتەكان لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا پێوەرێكی گرنگی دیموكراسییە لەهەر وڵاتێكداو هیوادارین لەپۆستە ئیداری‌و خۆجێیەكاندا فەرامۆش نەكرێین".


وتیشی "لەپەرلەمانی كوردستانیشدا بەناوی كاكەییەوە ئەنداممان نییە، تەنها كاكەییەك هەیە كە لیزا فەلەكەدین كاكەییە لەسەر لیستی پارتییەو بەئەندام بونیشی لەسەر بنەمای كاكەیی نییەو وەك پارتییە، لەسەر ئاستی حكومەتیش تەنها تا ئاستی بریكاری دو وەزارەت پ‌وستمان پێدراوە".


مەنزەر ئەوە روندەكاتەوە كە ئەوانەی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان دەكەن لەپەرلەمانی كوردستاندا نەیانتوانیوە نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان بن، بەڵكو حزبەكان رۆڵی سەرەكییان گێڕاوە لەدیاریكردنی ئەو كەسانەو بەناوی پێكهاتەكانەوە نوێنەرایەتی حزبەكانیان كردوە، لەبەرئەوە پێیانباشە رەچاوی مافی هاوڵاتی بونیان بكرێ‌ نەك وەك پێكهاتەیەك، ئەو وتی "ئێمە وەك كاكەیی پێمانباشە ئایین بەكارنەهێنرێ‌ بۆ ئەوەی بخرێتە خزمەتی رەوتێكی سیاسییەوە، خوازیاری ئەوەین ئایین‌و مەزهەب نەبێتە ئامڕاز بۆ بەدەستهێنانی پلەو پۆست، بەڵكو خوازیارین كاكەییەكان خۆیان لەناو حزبەكاندا بتوانن بەئەركی خۆیان هەستن‌و لەناو پارتی‌و یەكێتی پێویستە پێشبخرێن، بۆ نمونە دڵنیاین كەسێكی وەك لیزا فەلەكەدین كاكەیی دەتوانێ‌ پارت‌و قەوارەكەی خۆی بەكاربهێنێ‌ بۆ بەرگری كردن لەكاكەییەكان، ئەوانەشی یەكێتین بەهەمانشێوە".

 
مەنزەر ئاماژە بەوەش دەكات كە كاكەییەكان لەڕوی سیاسیەوە دابەشبون بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا‌و لەزۆنی سەوز زۆربەیان یەكێتین‌و لەزۆنی زەردیش زۆربەیان پارتین، ئەو وتی "واقیعی كوردستان وایە، بەشداری لەحزبە سیاسییەكان رۆڵی هەیە لەدیاریكردنی كەسەكاندا بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست، دیارە ئەوانەی لەناو كاكەییەكاندا چاویان لەپلەو پۆستە دەبێت سەر بەحزبێكی دیاریكراو بن".


مەنزەر سەبارەت بەهۆكاری ئەوەی كە كاكەییەكان وەك ئێزیدییەكان‌و ئاشورییەكان لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی ئایینیاندا میر یان پارتریاركێك نییە، وتی "لەناو كاكەییەكاندا سەید هەیە، كە رەچەڵەكیان لەچەند بەرەبابێك پێكهاتوە، هەر سەیدەو رابەرایەتی گروپێك دەكەن كە لەدەوروبەریانن، ئەمڕۆ كەسایەتی دیار بۆ نمونە لەهەڵەبجە سەید عەزیزە، بەڵام لەكەركوك كەسێكی ترە".


وتیشی "پێشتر فەلەكەدین كاكەیی لەڕوی سیاسی‌و رۆشنبیرییەوە كەسایەتییەكی دیار بو، ئێستا لەرۆژهەڵاتی كوردستان كاكەییەكان رابەریان هەیە بۆ نمونە هەندێكجار رابەری كاكەییەكان كە سەید نەسرەدینە قسە لەسەر كاكەییەكانی باشوریش دەكات، بەمدواییە دەربارەی كوشتاری هەشت كاكەیی لەخانەقین بەیاننامەی دەركردو داوای لەحكومەتی عێراق‌و كوردستان دەكات كاكەییەكان بپارێزن، بۆیە دەتوانین بڵێین سەید نەسرەدین لەئاستی جیهان رابەرایەتی كاكەییەكان دەكات، لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆرترین ژمارەی كاكەیی تیایە كە 4 بۆ 5 ملیۆن دەبن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×