"لەناو پەرلەمان‌و دەرەوەی پەرلەمان پڕوپاگەندە لەدژی حکومەت‌و بەرنامەی چاکسازییەکەی دەکرێت"
  2021-01-08       525       
رێبوار بابکەیی
به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی‌، لەناو پەرلەمان‌و دەرەوەی پەرلەمان خەڵک هەیە بۆ ئەوەی چاکسازییەکان سەر نەگرێت‌و بێ ئەرزەشیکەن، پڕوپاگەندە لەدژی حکومەت‌و بەرنامەی چاکسازییەکەی دەکەن.

ئاوێنه‌: رێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەنوسینێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "رەوڕەوەی چاکسازی بەردەوامە، لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش خەڵک هەیە بۆ ئەوەی چاکسازییەکان سەر نەگرێت و بێ ئەرزەشیکەن، پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و بەرنامەی چاکسازیەکەی دەکەن".

ناوبراو ده‌ڵێت، "لەمیانی گفتوگۆیەکی نێوان پەرلەمان و شاندی دانوستانکار بە سەرۆکایەتی کاک قوباد تاڵەبانی، پرسیاری ئەوەم ئاڕاستە کردن، کە ئایا بۆچی تاوەکو ئێستا بڕگەی بڕینی موچەی خانەنشینی پلە باڵا لە یاسای چاکسازی نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟، بۆچی بەدواداچون ناکەن بۆ گەندەڵییەکانی خاڵە سنورییەکان، لەوەڵامدا وتیان بڕیاری بۆ دەرچوە لەو زوانە ئەویش دەچێتە بواری جێبەجێکردن".

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، ئێستاش بۆ بەدواداچونی دزی و تاڵانی خاڵە سنورییەکان و بەگژداچونەوەی، "کاک مەسرور بارزانی، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک لە ناوخۆ پێشمەرگەی داوە، پێش ماوەیەکیش لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە دەهان هەزار موچەی نایاسایی بڕدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×