لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە
  2021-01-12       658       
دوای چەندجارێک دواخستنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی مەترسی زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیارە سبەی چوارشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەسەر ئاستی هەرێم کۆببێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن و رێکارە خۆپارێزییەکان دەربکات.

ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەکان رۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتی (ئالان حەمە سەعید) وەزیری پەروەردە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبووەتەوە و پێشنیازی خۆی لەبارەی پلانی وەزارەت بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی 2020– 2021 تاوتوێ کردوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان پێشنیازەکانی وەزارەتی پەروەردە خۆی دەبینێتەوە لە چڕکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکان لەناوەندەکانی خوێندن و کەمکردنەوەی بەشێك لەوانەکان و لادانی چەند وانەیەک لەوانەش وەرزش و هونەر، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پشوەکان جگە لەپشوی نەورۆز و جەژنەکان.

بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە باوەڕیانوایە بەجێبەجێکردنی ئەو رێکارانە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، دەتوانرێت بەشێکی بەرچاو لەپرۆسەی خوێندن قەرەبوو بکرێتەوە و بۆ دواین بڕیاریش چاوەڕێی لیژنەی باڵای کۆرۆنا دەکەن.

پەیوەست بەم بابەتەش د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "دەستپێنەکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بەتەنها کۆرۆنا نیە ،دەسەڵاتیش خۆی ئەمە دەزانێت ئێمە لاریمان نه‌بووە له‌ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی پڕۆسەی خوێندن".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×