2021-01-20   1090     
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌ر له یاسا و رێنماییه‌كان چه‌ندین شوقه‌ی له شوقه‌كانی كه‌نه‌كه‌وه دابه‌شكردوه و داواشده‌كات، "به‌ر له‌و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تیه بگیرێت".
سه‌لمه فاتیح، له‌په‌یامێكدا كه ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردوه نوسیویه‌تی، "تكایه ئه‌م نایاسایه رابگرن له پێناو دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌دان خێزان به هیوا و ئومێدێكی گه‌وره‌وه له ساڵی 2013ه‌وه فۆڕمی نیشته‌جێبونیان پڕكردوه‌ته‌وه به هیوان له كرێچێتی ڕزگاریان ببێت، به‌ڵام وه‌زیری ئاوادانكردنه‌وه به‌ده‌ر له یاسا و ڕێنمایه‌كان چه‌ندین شوقه‌ی دابه‌شكردوه له شوقه‌كانی كه‌نه‌كه‌وه به‌بێ وردبینی و به‌بێ فۆڕم له‌بری ناوه یه‌ده‌گه‌كان".
راشیگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه پره له ناعه‌داله‌تی، "بۆیه تكایه ئه‌م بڕیاره رابگرن و ئێمه‌ش هه‌مو رێكاریكی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ریگرتن له‌م گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌یه‌ت له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی".
له‌ساڵی 2013دا به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی شوقه له هه‌ریه‌ك له‌ناوچه‌كانی كه‌نه‌كه‌وه، زڕگوێز و سیته‌ك، 25.000 (بیست و پێنج) كه‌س فۆڕمیان پڕكرده‌وه، كه كۆی شوقه‌كان 3624 (سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د و بیست و چوار) شوقه‌ن و به‌شێك له‌و شوقانه تا ئێستا سه‌ره‌ڕای ته‌واوبونیان دابه‌شنه‌كراون.