کۆنفرانسی رۆڵی میدیاکاران لەستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا داوای پشتیوانیكردنی میدیای سەربەخۆ دەكات
  2021-01-20       478       

كۆنفرانسی رۆڵی میدیا لە ستراتیژی نەتەوەیی كوردستاندا دۆخی میدیا لە پارچەكانی كوردستان هەڵدەسەنگێنێت و داوادەكات پشتگیری میدیای سەربەخۆ بکرێت و ئیدانەی دەستگیركردنی میدیاكارانی كورد لە توركیاو ئێران دەكات و دەشڵێت، لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵیشیدا، بەتایبەت لە باشوری کوردستان، گرتن و زەبروزەنگ بەرامەبەر میدیاکارن بەکاردێت، داوادەکات کۆتایی بە هەمو ئەو رەفتارانە بهێنرێت و ئەو میدیاکارانەی دەستگیرکراون ئازاد بکرێن.

ئاوێنە: کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رۆژی شەممە 16/01/2021 کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی بە ناونیشانی "رۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان"، بۆ میدیاکارانی کوردستان رێکخست.

كۆنفرانسەكە بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکارو مامۆستایان و شارەزایانی بواری میدیا بەشێوەی ئۆنلاین کۆنفرانس بەڕێوەچو.

لەكۆنفرانسەكەدا چوار تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە كرا: دۆخی میدیا لە پارچەکانی کوردستاندا، رۆڵی مدیا لە بەرجەستەکردنی دۆزی کوردستاندا، رۆڵی میدیا لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا، دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆنفرانسەكە كە وێنەیەكی بۆ ئاوێنە نێردراوە، بەشدارانی كۆنفرانسەكە لەكۆتاییدا گەیشتونەتە ئەم راسپاردەو ئەنجامانە:

1.  هەوڵ بۆ دروستکردنی پلاتفۆڕێک، سەکۆیەک یان تۆڕێکی میدیایی کوردستانی بدرێت کە میدیاکاران بتوانن سود لە ئەزمونەکانی یەکتر وەربگرن. هەمانکات لە سەرپرسە هاوبەشەکانی کوردستان پێکەوە کاربکەن.

2. ناوەندێکی توێژینەوەی راگەیاندن دروستبکرێت. کە کار لەسەر ئەرکی میدیا و بوارو کەنەاڵە جیاوازەکانی راگەیاندن بکات.

3. میدیای سەربەخۆ پشتگیریی بکرێت و بەهێزبکرێت. بۆئەوەی بتوانێ لە ئاستی دنیادا دۆزی کوردستان فراوانتر بەرجەستە بکات. هەروەها بتوانێ لەسەر پرسە ناوخۆییەکان ئازادانە کار بکات.

4. پێویستە كاری رۆژنامەوانی پیشەیی و بابەتی بێت، رۆژنامەوان و دەزگاکانی راگەیاندن ئیتیك و پرەنسیپەكانی رۆژنامەوانی پەیڕەو بکەن.

5. سەدان میدیاکاری کورد لە زیندانەکانی تورکیادان. هەروەها لە ئێرانیش بەردەوام رۆژنامەوانان دەستگیرئەکرێن. کۆنفراس ئیدانەی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان ئەکات. داوائەکات بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

6. لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵیشیدا، بەتایبەتیش لە باشوری کوردستان، گرتن و زەبروزەنگ و ئاستەنگی زۆر بەرامەبەر میدیاکارن بەکاردێت، کۆنفراس داوائەکات کۆتایی بە هەمو ئەو رەفتارانە دژی رۆژنامەوانان بهێنرێت و ئەو میدیاکارانەی دەستگییر کراون ئازاد بکرێن.

7. بۆ ئەوەی میدیاکاران بابەتیانەو زانستیانە پرس و روداوەکان روماڵ بکەن، پێویستە، دەسەڵات و دەزگاکانی بەڕیوەبردن زانیاری پێوست بخەنە بەردەستیان.

8. میدیاکارانی کورد زیاتر تیشک بخەنە سەر ئەو شوێن و کایانەی هێرشی زیاتریان لەسەرە. ئەگەر هێرشی سەربازی و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی بێت، یان هێرش بێت بۆسەر ماف و ئازادیی و داواکارییەکانی  خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بێتبێت.

9. لاسایی نەکردنەوە دەزگا راگەیاندنەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، ئەرکێکی گرنگی میدیاکارانی کورستان بێت.

10. لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا، پێویستە زمانی راگەیاندن دوربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژە و گوتاری پیاوسالاری. 

11. هەوڵبدرێت بەپێ و پێویست زمان و دەستەواژەی هاوبەش بۆ روداو لێکەوتەکانی بەکاربهێنرێت. هەروەها پێویستە زمانی رۆژنەموانی دوربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەژادپەرستیی.

12. هەڵبدرێت بەلای کەمەوە سالانە کۆنفرانسێکی میدیاکان لەم چەشنە بکرێت.

13. بۆئەوەی بەهۆی  بڵاوکردنەوەی زانیاری ناتەواو و جیاوازەوە کێشە ناوخۆییەکان پەرەنەستێنن، لانە کوردستانییەکان لە تەنگژەو ناکۆکیەکاندا راوێژ لەگەڵ میدیاکاران بکەن.

14. یاسا بەركارەكانی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێن و هەمواركردنەوەیان بۆ ئەنجامنەدرێت، هاوكات رێگری بكرێت لەهەر یاسایەكی نوێی رۆژنامەوانی و تایبەت بە سۆشیال میدیا كە پرەنسیپەكانی ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ پێشێل ئەكات.

15. دەزگاكانی راگەیندن ببنە هۆكاری لێكنزیك كردنەوەی كوردانی پارچەكان و هەوڵبدەن ئەو جیاكارییەی هەیە هەوڵ بدەن نەیهێڵن.  هەروەها دوربن لەوەی بکەونە ناو پڕۆژەی وڵاتانی دەوروبەر و هێزە دەرەکییەکان.

16. پێویستە راگەیاندکاران لە بەرەی ئاشتی و دیالۆگدا بن و نەبنە بەشێک لە شەڕی لایەنەکان.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×