دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكا لەكۆبونەوەی داهاتودا لەگەڵ وەفدی هەرێم بگەنە رێككەوتن
  2021-01-26       854       

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وردەكاری كۆبونەوەی ئەمشەوی لیژنەكەیان لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئاشكرادەكات و پێشبینیش دەكات لە كۆبونەوەی داهاتودا لەگەڵ وەفدەكە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

ئاوێنە: دوای كۆبونەوەی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەفدی هەرێمی كوردستان، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەكە بە میدیای رەسمی عێراقی راگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان رازی بوە سەرجەم داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بخاتەڕو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە وەفدەكەی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە كە بە هاوكاری حكومەتی فیدراڵ كێشەكانی بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەربكەن و هەروەها وەفدەكە بەشێوەیەكی سەرەتاییش رازی بون بەسەرجەم ئەو سیناریۆیانەی كە حكومەتی فیدراڵ لە ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستاندا لە بودجە خستونەتییەڕو.

ئەحمەد سەفار، پێشبینی كردوە كە لە كۆبونەوەی داهاتودا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی ئەوەش دوای ئەوەی سەرجەم داتاكانی تایبەت بە پڕۆسەی هەناردەی نەوت و دۆسیەكانی گومرگ و دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێنە بەردەم حكومەتی فیدراڵ.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانی ئەحمەد سەفار ئاماژەی بەوەداوە كە لیژنەكەیان بڕیاریداوە هیچ دەقێكی بودجەی 2021 پەسەندنەكات كە پێچەوانەی دەقەكانی یاسای ئیدارەی دارایی بێت.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لیژنەكەیان خەرجییەكانی نێو بودجەی بەڕێژەی لەسەدا 20 كەمكردونەتەوەو بەشێوەیەك كە دوای هەمواركردنیان خەرجییەكان دەگەنە 127 ترلیۆن دینار.

هەروەها ئاشكراشیكردوە كە رێژەی كورتهێنان لە بودجەدا بۆ نیوە كەمكراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×