عەلی باپیر: دەسەڵا تی دادوەری وەکو دەسەڵاتێکی یاسادانان ژێر چەپۆکی حزبە
  2021-02-18       329       

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، حزب هەمو شتێکی هەڵڵوشیوە، حزب وایکردوە نە حکومەت حکومەت بێت، نە پەرلەمان پەرلەمان بێت، نە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتی دادوەری بێت، "بیستان لەو رۆژانەدا چۆن دادوەری کرا؟، بەرلەوەی دادوەری بکرێت و دەرئەنجامەکەی رابگەیەنرێت چۆن راگەیەنرا؟".

ئاوێنه‌: عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لەکۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی رایگەیاند، "دەبێت هەوڵ بدەین پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە قوڕگی حزبدا بهێنینەدەر، حزب هەمو شتێکی هەڵڵوشیوە، حزب وایکردوە نە حکومەت حکومەت بێت، نە پەرلەمان پەرلەمان بێت، نە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتی دادوەری بێت، بیستان لەو رۆژانەدا چۆن دادوەری کرا؟، بەرلەوەی دادوەری بکرێت و دەرئەنجامەکەی رابگەیەنرێت چۆن راگەیەنرا؟ ئەمە چی پێدەوترێت؟".

ئەو وتانەی عەلی باپیر وەک ئاماژەیەکە بۆ سزادانی پێنج دەستگیرکراوی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە کە هەریەکەیان سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراو کاردانەوەی لەناوخۆی کوردستان لێکەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی کاربکرێت کە حکومەت سەربەخۆ بێت، لە قوڕگی حزب بێتە بێتەدەر، "پەرلەمان دەبێت سەربەخۆ بێت و کانگای بڕیاردان و یاسادانان و چاودێری حکومەت بێت".

عەلی باپیر باسی لەوەشکرد، "دەزانم حاکمانی بەڕێز هەن کە خاوەنی بیروباوەڕی خۆیانن، بەڵام دەسەڵا دادوەری وەکو دەسەڵاتێکی یاسادانان ژێر چەپۆکی حزبە، کەسانێک هەن خەڵک دەکوژن دواتر لە بازاڕ دەخوڵێنەوە، لێرە جێگەی نەبوەوە دەچێتە ئەولاو لەولاش جێگەی نەبوەوە دێتە ئێرە، بەڵام کەسانێکی تر لەبەرئەوەی رەخنە دەگرێت لە حکومەت یاخود لەبەرئەوەی زانیاریان لەگەڵ یەکتر گۆڕیوەتەوە لەبارەی بابەتێکەوە بە تاوان دادەنرێت".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی خستەڕو، "پێویستە کارێک بکەین دەستهەڵبگیردرێت لە تاڵانکردنی خێر و سەروەتی ئەم وڵاتە، نازانم ئەوانە کەی تێر دەبن، خەڵک هەیە ملیاران دۆلاری هەیە نازانم بۆ کەی هەڵدەگرن، پێویستە ئەم وڵاتە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و چیتر نەبێتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی ئەملاولا، چیتر گەنجانمان بێکار نەبن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×