ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند بڕبارێكی نوێی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا دەركرد و دەڵێت، هەر هاوڵاتییەك رەچاوی بەستنی دەمامك و رێكارەكانی خۆپارێزی نەكات، روبەڕوی رێكاری یاسایی دەبێتەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە بەسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامانی ژوری ئۆپەراسیۆن، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبوە و چەند بڕیارێكی دەركرد.
بەپێی بڕیارەكان، هەر هاوڵاتییەک ڕەچاوی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
هەروەها لە بڕیارەكاندا ئەوەش هاتوە كە یاد و بۆنە نهتهوهیی و نیشتیمانییەکانی ئادار بهرز و پیرۆز رادهگیرێن بهبێ ئهوهی هیچ گردبونهوه و كۆبونهوهیهكی جەماوەری بەم بۆنانەوە ئهنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە كە ههمو چالاكی و خولەکانی وهرزشیی و تۆپی پێ بهبێ ئامادهبونی جەماوەر له یاریگاكان بەڕێوەدەچن، هەر یانەیەکی وەرزشی و تیپێک، سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای هەولێریشی ئاگاداركردۆتەوە كە هەر فەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت، رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.
ئاماژەی بەوەشداوە كە یانەکانی شهوانه، یانهكانی مهی خواردنهوه(باڕ) لەكاتژمێر 12ی شەوەوە دادەخرێن، و ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە:(هۆڵهكانی بوك گواستنهوه، ئاهەنگی شەوانە، لایف موزیک لەیانە و هۆڵەکان، ههمو جۆرە گردبونەوە و کۆنفرانس و کۆبونەوەیەک).
هەروەك بەپێی بڕیارەكان، پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و پێبژاردنی پێدەکرێت.
بڕیارەكان لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەوەوە دەچنە بواری جێبەجێكردن.
دەقی راگەیەندراوەكە...
ڕاگهیەندراوێك له ژوری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.2.24، بهسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامانی ژوری ئۆپەراسیۆن، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبوە و کۆبونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:
یەکەم/ ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پابەندبون بە بەیانی ژمارە (7)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، داوا لەهاوڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکات، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بن و (دەمامک)ببەستن، هەر هاوڵاتییەک ڕەچاوی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوەو بەپێی بڕگەی چواردەیەمی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سزا دەدرێت.
دوەم/ یاد و بۆنە نهتهوهیی و نیشتیمانییەکانی ئادار بهرز و پیرۆز رادهگیرین بهبێ ئهوهی هیچ گردبونهوه و كۆبونهوهیهكی جەماوەری بەم بۆنانەوە ئهنجام بدرێت.
سێیەم/ ههمو چالاكی و خولەکانی وهرزشیی و تۆپی پێ بهبێ ئامادهبونی جەماوەر له یاریگاكان بەڕێوەدەچێت، هەر یانەیەکی وەرزشی و تیپێک، سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم/ هەمو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازاڕ، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دوری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لە مۆڵ و مارکێت و پێشوازی هۆتێل و مۆتێلەکان)، ههرشوێنێك پابەند نەبێت بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، لێژنەی قائمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم/ داوا لەسەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنوری پارێزگاکەمان و کەس و کارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چونی ڕۆڵەکانییان بۆ قوتابخانەو خوێندنگاکان ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.
شەشەم/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکێتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردودا هاوکارمان بونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە نوێژخوێنان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان و بردنی منداڵان بۆ ناو مزگەوت قەدەغەبکەن.
حەوتەم/ سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکەینەوە دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت، رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.
هەشتەم/ ئەم شوێنانە لەکاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:
یانەکانی شهوانه، یانهكانی مهی خواردنهوه (باڕ)
نۆیەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێننەوە:
(هۆڵهكانی بوك گواستنهوه، ئاهەنگی شەوانە، لایف موزیک لەیانە و هۆڵەکان، ههمو جۆرە گردبونەوە و کۆنفرانس و کۆبونەوەیەک)
دەیەم/ پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و بەپێی بڕگەی حەوتەمی بەیانی ژمارە (7)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆ پێبژاردنی پێدەکرێت.
یازدەهەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.
دوازدەهەم/ خوانەخواستە ئەگەر ههر كاتێك بارودۆخهكه لهڕوی تهندروستییهوه ئاڵۆز بو، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ، کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دهدات.
ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (24) لەسەر (25)ی 2/2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.2.24