وردەكاری هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر لە زاری یەكێك لە تۆمەتبارانی هێرشەكەوە
  2021-03-03       917       

دژە تیرۆری كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستگیركردنی تاوانبارێكی سەرەكی هێرشە موشەكییەكەی ناوەڕاستی مانگی رابردوی سەر هەولێری راگەیاند لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دەقی دانپێدانانەكەیدا كە تێیدا باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەكە دەكات.

ئاوێنە: دژە تیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وتی، چوار كەس ئەنجامدەری سەرەكی هێرشە موشەكییەكەی رۆژی 15ی مانگی رابردوی سەر هەولێر بون كە توانراوە یەكێك لەوانە بەناوی "حەیدەر حەمزە عەباس مستەفا بەیاتی" دەستگیربكرێت كە دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو "بەشێوەیەکی تەواو، باسی لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە کرد."

هەروەها دژە تیرۆر ئەوەشی خستۆتەڕو"لە دوای هاوبەشکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانان، ئەنجامدەرێکی دیکەی هێرشەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ دەستگیر کرا."

وتوشیەتی"دو تاوانباری دیکەش ماون کە هەوڵ و بەدواداچونەکان بەردەوامن لە لایەن دەزگا ئمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنیان، لەبەر ئەم هۆکارەش لە دانپێدانانەکانی (حەیدەر حەمزە بەیاتی) ناوی ئەنجامدەرانی دیکە، لادراوە و ئاشکرا نەکراوە."

بەپێی دەقی دانپێدانانەكە كە لەلایەن دژە تیرۆرەوە بڵاوكراوەتەوە ئەو تۆمەتبارە سەرەكییەی هێرشەكە ناوی "حەیدەر حەمزە عەباس بەیاتی"یەو لەدایكبوی ساڵی 1983یەو خەڵكی گوندی قەرێتاخی سەربە شارۆچكەی حەمدانییەیە كە دانیشتوی شارۆچكەی خەباتی سەر بە هەولێرە.

ئەو كەسە لە دانپێدانانەكانیدا وتویەتی، مانگی 11ی ساڵی رابردو كەسێك بەناوی (كە دانپێدانانەكەدا ناوەكەی سڕدراوەتەوە) سەر بە "كەتائیبی سەیدولشوهەدا"ی ناسیوەو پاشان كەسێكی دیكەی بەناوی (كە ناوەكەەی سڕدراوەتەوە) ناسیوەو بڕیاریانداوە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیا بكڕن بۆ ئەوەی هێرشبكەنە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر.

بەپێی قسەكانی، ئۆتۆمبێلەكەیان لە هەولێر كڕیوەو لەكاتی چونە هەولێریش كاسكێتیان لەسەر كردوەو ماسكیان پۆشیوە تاوەكو دەموچاویان لە كامێراكانی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل دەرنەكەوێت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پاشان ئۆتۆمبێلەكەیان بردۆتەوە بۆ موسڵ و دواتر لەمانگی دوی ئەمساڵ یەكێك لەو كەسانە پەیوەندی پێوەكردوەو پێی وتوە، بۆ ئامادەكاری بۆ كردەوەكە كەسێك بەناوی (ناوەكەی سڕدراوەتەوە) هاتۆتە هەولێر كارتی نیشتەجێبونی دەركردوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رۆژی ئەنجامدانی كردەوەكە تۆمەتبارێكی سەرەكی كردەوەكە پەیوەندی پێوەكردوەو ئەو كەسەی بردۆتە شوێنی كردەوەكە كە "عەلوەیە" لە هەولێر و وتوشیەتی"لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزین و بەپێ چوینە شوێنی كردەوەكەو ئەو كەسە (ناوی سڕدراوەتەوە) پیلانەكەی داڕشت."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە دواتر ئەوان گەڕاونەتەوە موسڵ و ئەمیش گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی خۆی لە خەبات و دواتر "ئەبو..."  پەیوەندی پێوەكردوە و وتویەتی، بێ ئۆتۆمبێل وەرە موسڵ، كە چۆتە موسڵ چوار كەسی بەناوەكانی (كە ناوەكانیان سڕدراونەتەوە) بینیوەو ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی جۆی ئۆپترایان پێداوەو پێیانوتوە بڕۆ بۆ هەولێرو ئێمەش بە تاكسی دێین.

تۆمەتبارەكە لەدانپێدانانەكانیدا وتویەتی"منیش هاتمە هەولێر و ئەوانیش بە تاكسی هاتنە ناو هەولێر. لە رێگە (....) پێی وتم ئۆتۆمبێلێك لە رێگەی بەردەڕەش هەیە بڕۆ بیهێنە."

وتوشیەتی"پاشان كیاكەمان لەگەڵ دو كەسیان بەرەو شوێنی ئەنجامدانی هێرشەكە لێخوڕی. لە پشتەوەی عەلوە چاوەڕێمان كرد، ئەوان پێیانوتم دور لە شوێنەكە چاوەڕێمان بكە. ئەوان موشەكەكانیان ئامادەكرد كە دروستكراوی ئێران بون. دوای سەعات و نیوێك پەیوەندییان پێوەكردوم و چومە لایان و سەرم خستن و بردمن بۆ شوێنەكە. لەو كاتەدا موشەكەكان ئاڕاستەی فڕكەخانە كران ئێمەش گەڕاینەوە موسڵ."

دەقی دانپێدانانەكانی "حەیدەر حەمزە بەیاتی" كە لەلایەن دژە تیرۆری كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە...


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×